The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 


شاسوار هەرشەمی 

 

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر "دەڵێ ـ دەهێڵێ ـ دەکێڵێ"

بەشی سێیەم (٣)


سێ کرداری کوردی ... به‌ باری گه‌ردانبوونی ڕێساداری ناوازه‌یانه‌‌وه‌


(کێلان و هێلان) دوو نموونه‌ی دی وه‌ک (ده‌ڵێ).

کێلان(١): بریتییە لە کرداری ھەڵکەندنی تفری سه‌ره‌وه‌ی زەوی، بۆ چاندنی دانەوێڵە، بە تۆو پێوەرکردن. شەقارکردنی سه‌ره‌وه‌ی ڕووی زەوی، بە ھێڵی درێژی تەریب بەیەک، بە گاسن، چ بە شێوەی ڕاکێشانی گاسن لەلایەن ئەسپ و گاجووت بێت یان بە مەکینەی تراکتۆر، بە نیازی تۆوپێوەرکردن و چاندنی دانەوێڵە، (پتر گەنم و جۆ). لە زاراوەی ھەورامیدا کاڵای واتا کێلان، کاڵیا واتا کێڵدراو، کاڵیای واتا کێڵدران، هه‌روه‌ک ئەوە - کاڵ واتا کێڵەره‌وە، ئەوە- کاڵیا واتا دیسان کێڵانەوە، کاڵیای واتا کێڵدرانەوە، کیڵین و کیڵینە واتا کێلدراو، هه‌روه‌ک میوکاڵ واتا ڕەزکێل، میوکاڵای واتا ڕەزکێلان.
وشەکە لە ڕه‌گی وشەی دیسان داڕێژراوه‌ی زمانی PIEی (gi – گی)ەوە ھاتووە، بە واتای لەتکردن، شەقارکردن. وشەکە کەوتۆتە زبانی ئەرمەنیشەوە بە شێوەی (Achel - ئا-کێل) ھەر بە واتای چاندن و کێلان. له‌ زمانانی دی ده‌سته‌خوشکیشدا ده‌بینین لە ئەلمانیی باڵای کۆندا (kil – کیل) واتا ئامێرێک بە سەرێکی تیژەوە، جا دار بێت یان ئاسن، لە شێوەی گاسن. لە ئەلمانیی هاوچه‌رخدا، بۆتە (keil – کێیل). بە دانمارکی (kile – کیلێ) ھەمان شته‌. لە سویدی (kil – کیل) هه‌مان شت.
وشەکە باری ڕانه‌بردووی کرداری (کێشتن و کاشتن)ە، بە واتای چاندن یان لە زەوی چەقاندن و تۆو خستنە ژێر زەوی. کێلان یەکێکە لە کردارە ئاڵۆزەکان، کە بە ھەمان شێوەی کردارەکانی ھێشتن- دێڵێ، ڕۆیشتن – دەڕوا، گۆتن- دەڵێ، به‌ که‌وتن و گۆڕانی ده‌نگی (ش) دروست بووە. جیاوازییەکە لەوەدایە، کە کێشتن و کاشتن لە زبانی ھاوچەرخی کوردیدا نەماون و (کێڵان)یش بۆتە وشەیەکی سەربەخۆی دابڕاو لە هه‌موو مێژووی پەره‌سه‌ندنەکانی پێشووتری وشەکە.
وشەی کاشتن واتای (کاڵ) دەگەیەنێت، هه‌روه‌ک لە وشەی لێکدراوی (کشتوکاڵ)یش دەبیندرێت، کە لێکدانێکی ھەردوو وشەکەیە. بەم جۆرە ده‌نگی (ڵ)ی کرداری (کێڵان)یش بە ھەمان شێوەی دوو کردارەکەی دی، (ھێڵان و دەڵێم) لە ده‌نگی (ش)ی (کاشتن)ەوە گۆڕاوە.
بۆ دڵنیابوونی پتر، لەسەر کۆنی و بەمیرات ماوەیی وشەکە، دەبینین لە زبانی پەھلەویشدا وشەی (kaştan - کاشتەن) بە شێوەی (karitan – کاریتەن) ھاتووە، وەکوو ھاوواتا. واتا ھەر بوونی وشەکە کۆن نییە، بەڵکوو گۆڕانی دەنگی (ش)یش لە پەھلەوی بۆ (ر)، کە بارێکی دی نەچەسپاوی (ڵ)ە، ئەمە دەردەخات کە پرۆسەی گۆڕانی دەنگی(ش)، لە سەردەمێکی پێشووتری زبانی کوردی دەستی پێ کردووە. دیارە (کار) لە پێشەوەی وشەی کاریتەنی پەھلەوی ھەر ھەمان (کاڵ)ە، که‌ ئێمه‌ له‌ په‌یکه‌ره‌ی وشه‌ی لێکدراوی (کشتوکاڵ) پاراستومانه‌. جێگۆڕکێکردنی ھەردوو دەنگی (ر،ڵ) لەگەڵ یەکدی، لە چەندان وشەی دیشدا ھەیە، (من ئه‌م جێگۆڕکێیه‌م له‌ گوتارێکی سه‌ربرخۆدا ڕوون کردۆته‌وه‌). بەم جۆرە کرداری (دەکێڵم) لە بنەڕەتدا دەبێت (دەکێشم) بوو بێت، بەڵام دوای سەربەخۆبوونی وشەکە، دەنگی (ش) لە ھەموو بارەکانیدا ون بووە.

کشتوکاڵ: بریتییە لە کاری چاندن و ڕەنیوھێنانی زەوی و کێڵگە. وەک دەبینین وشەکە لێکدراوه‌ و بریتییە لە (کشت +و+ کاڵ). دوو وشەی ”کشت" و "کاڵ" لە ڕێگای (و)ی پەیوەندیەوە پێکەوە لکێندراون. ھەردوو وشەکە، دوو باری گۆڕاوی زمانەوانی یەک ڕه‌گه‌ وشه‌ن. وشەی"کاڵ" کە بنەڕەتی ھەردوو وشەکەیە، لە ڕه‌گی وشەی زمانی هاوبه‌شی پرۆتۆهیندۆروپی PIEی (gi – گی) ھاتووە و بە واتای لەتکردن، شەقارکردن. لە ئەلمانیی باڵای کۆندا (kil – کیل) واتا ئامێرێک بە سه‌رێکی تیژەوە، جا دار بێت یان ئاسن، واتا ئامێرێکی لە شێوەی گاسن یان ئامور. لە ئەلمانیی نوێدا بۆتە (keil – کێیل). بە دانمارکی (kile – کیلێ) ھەمان شته‌. لە سویدی (kil – کیل) هه‌مان شت. وشەکە باری ڕانه‌بردووی کرداری (کێشتن و کاشتن)ە بە واتای چاندن یان لە زەوی چەقاندن و تۆو خستنە ژێر زەوی ھاتووە. لە زاراوەی ھەورامی (کشتیار) بە جووتیاری زەویچێن دەگوترێت. کشتیاری بریتییە لە جووتیاری. وشەی کشتیش بریتییە لە دانەوێڵەی چێندراو. بەم جۆرە وشەی کشت دواتر لە کوردیدا وەک وشەیەکی سەربەخۆ بە (کاڵ)ەوە گرێ دراوه‌تەوە. کاڵ و کشت یان کشت و کاڵ یەکێکە لە کردارە ئاڵۆزەکانی زمانی کوردی، کە بە ھەمان شێوەی ھێشتن – دێڵێ و ڕۆیشتن – دەڕوا و گۆتن- دەڵێ و به‌ گۆڕانی ده‌نگی (ش) دروست بووە. سەیری لێکدانەوەی ئەو وشانەی سه‌ره‌وه‌ بکە. جیاوازییەکە لەوەدایە کە کێشتن و کاشتن لە کوردیدا نەماون و کێڵان بۆتە وشەیەکی سەربەخۆی دابڕاو لە مێژووی پەره‌سه‌ندنەکانی پێشووی خۆی. هه‌روه‌ک زووتر گوتمان: وشەی کاشتن واتای (کاڵ) دەگەیەنێت، بەمجۆرە (ڵ) ی کرداری (کێڵان)یش بە ھەمان شێوەی دوو کردارەکەی دی (ھێڵان و دەڵێم) لە (ش)ی (کاشتن)ەوە گۆڕاوە. بۆ دڵنیابوونی پتر لەسەر کۆنی و بەمیرات ماوەیی وشەکە، دەبینین لە زبانی پەھلەویش وشەی (kaştan – کاشتەن) بە شێوەی (karitan – کاریتەن) ھاتووە وەکوو ھاوواتا. واتا ھەر بوونی وشەکە کۆن نییە، بەڵکوو گۆڕانی دەنگی (ش)یش لە پەھلەوی بۆ (ر) کە بارێکی تری نەچەسپاوی (ڵ)ە، ئەمە دەردەخات کە پرۆسەی گۆڕانی دەنگی (ش) لە سەردەمێکی پێشووتری زبانی کوردیدا دەستی پێ کردووە. دیارە (کار) لە پێشەوەی وشەی کاریتەنی پەھلەوی ھەر ھەمان (کاڵ)ە. جێگۆڕکێکردنی ھەردوو دەنگی (ر، ڵ) لەگەڵ یەکدی، لە چەندان وشەی دیش ھەیە. بەم جۆرە کرداری (دەکێڵم) لە بنەڕەتدا دەبێت (دەکێشم) بووبێت، بەڵام دوای سەربەخۆبوونی وشەکە، دەنگی (ش) لە ھەموو بارەکانیدا وون بووە. بەم جۆرە کاڵ و کێڵان و کشت، سه‌ره‌ڕای لێکنه‌چوونی ڕواڵه‌تیشیان، ھەر لە ڕه‌گێکەوە ھاتوون. ئه‌مه‌ به‌وه‌ش ده‌سه‌لمێندرێت، که‌ هێشتا هه‌ر سێ وشه‌که‌ بۆ یه‌ک بواری کاری کۆن و نه‌ریتی به‌کاردێن که‌ کرداری چاندنه‌. لە پەھلەوی چەند شێوەیەکی وشەکە ھەن وەک (kişt – کیشت) واتا چاندن (لە باری ناوی) و ھەروەھا (kiştan – کیشتەن) ھەمان واتا (لە باری کرداری). دیسان وشەی پەھلەوی (kiştzar – کیشتزار) واتا زەوی و کێڵگەی گەورەی چێندراو.



ھێشتن: واتا ڕێگاپێدان، لێگەڕان. کردارەکە له‌ زمانی کوردیدا کۆن و ڕه‌سه‌نه‌. لە زبانی پەھلەوییەوە بۆمان ماوەتەوە و بریتی بووە لە (hiştan – ھیشتەن) بە ھەمان واتاوە. ھێشتن یەکێکە لە کردارە ئاڵۆزەکانی زبانی کوردی، چونکە دەنگە بنەڕەتییەکەی، لە دەنگی ئاڵۆزی پرۆتۆی (dh – دە) ھاتووە، کە لە پرۆسەی گۆڕاندا بە شێوەی جۆراوجۆری لێکدوور گۆڕاوە. دەزانین کە دەنگی (dh - دە) لە گرێکی بۆتە (th - ث) و لە لاتینیش بۆتە (f - ف). ھەر ئەو دەنگەی (دە) لە زبانە ‌ئێرانییەکاندا تا بە کوردی و فارسی و زمانانی دی هاوچه‌رخ ده‌گات، چەندین جار شێوەی گۆڕاوە و بۆتە دەنگی جۆراوجۆری وەک (ث، خ، ذ، د) تا به‌ (س،ز)یش ده‌گات.
دەبینین (ھێشتن) لە باری ڕانەبردوودا دەبێتە (دەھێلێ= دێلێ)، واتا ئەمە چاوگی وشەکەیە کە دەبێتە (ھێشتن). لە (دێلێ)دا بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کە ڕه‌گی PIEی کردارەکە بریتییە لە (dhe - دھێ) بە واتای کردن، ئەنجام (دان). بەجیا سەیری ھێلان بکە، بەم جۆرە (ڵ) ی کرداری (ھێلان) بە ھەمان شێوەی دوو کردارەکەی دی (کێلان و دەڵێم) لە (ش)ی (ھێشتن)ەوە گۆڕاوە. هه‌روه‌ک بۆ بەراوردکردنی باشتری وشەکە لەگەڵ ئەو کردارانەی دیدا کە بە ھەمان شێوە دروست بوون، ھەروەھا بۆ ئەوەی بتوانیت بەراوردکارییەکان باشتر ببینیت، سەیری وشەکانی دەڵێ و کێڵان بکە. بە خستەسەری پێشگر و پاشگر، واتای دی لە (ھێشتن) دروست کراوە، وەک جێھێشتن واتا نەمان لە جێیەکی دیاریکراودا. ڕۆیشتن له‌ (ڕۆ+هێشتن)، واتا چاوەڕوانینەکردنی کەس یان کەسانی دی و ڕۆیشتن لە جێی دیاریکراودا. ھێشتنەوە واتاکەی پێچەوانەی ھێشتنی لێ دێت، واتا گلدانەوە، نەھێشتنی بردن و نەمانی، ڕاگرتنی لە شوێنی خۆی، ڕێگا پێنەدانی و هه‌روه‌ک نەھێشتن، ڕاھێشتن، دەرھاوێشتن، دەرھاوێشتە، ھاوێشتراو.

ھێلان: واتا ڕێگاپێدان، ھێشتن، یەکێکە لە کردارە ئاڵۆزەکانی زبانی کوردی، چونکە دەنگە بنەڕەتییەکەی لە دەنگی ئاڵۆزی پرۆتۆی (dh - دە) ھاتووە، کە لە پرۆسەی گۆڕاندا بە شێوەی جۆراوجۆری لێکدوور گۆڕاوە. وەک ده‌زاندرێت، دەنگی (dh - دە) لە گرێکی بۆتە (th - ث ) و لە لاتینیش بۆتە (f - ف). ھەر ئەو دەنگەی (دە) لە زبانە ‌ئێرانییەکان و تا بە کوردی و فارسی و زمانه‌ هاوچه‌رخه‌کانی دی ڕا دەگات، چەندین جار شێوەی گۆڕاوە و بۆتە دەنگی جۆراوجۆری وەک (ث، خ، ذ، د، س، ز)یش. ھێلان لە باری ڕانەبردوودا دەبێتە (دەھێلێ= دێلێ) و چاوگی وشەکە دەبێتە (ھێشتن). لە "دێلێ" بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کە ڕه‌گی PIEی کردارەکە بریتییە لە (dhe - دھێ) بە واتای کردن، ئەنجام (دان). لە گێرمانی (delia – دێلیە) واتا کردن. لە ئیسلاندی کۆن (dell - دێلل) ھەمان شت. لە نەرویژیش (del - دێل) بەو مەبەستە بەکار ھاتووە. لە سلاڤی کۆن (delo - دێلۆ) واتا کردار. لە روسی (dela - دێلە)، هه‌روه‌ک چاوگی وشەکە لە روسیدا که‌ بریتییە لە (delat - دێڵات) واتا کردن. لە سویدی کۆن ھەردوو شێوەی (däl - دێل) و (döl - دۆل) واتا لەبەردەست، ڕێپێدراو، ھێڵدراو، دۆستانە، ئاسانکاری.
ئەوەی جێگای ئاماژەپێکردنە، شێوەی دی ناسراوی ئەم کردارە (ھێشتن)، لە زبانی پەھلەوییەوە بۆمان ماوەتەوە و بریتی بووە لە (hiştan - ھیشتەن) بە ھەمان واتاوە. بەم جۆرە (ل)ی کرداری (ھێلان) بە ھەمان شێوەی دوو کرداری دی (کێلان و دەڵێم) لە (ش)ی (ھێشتن)ەوە گۆڕاوە. بۆ ئەوەی بتوانیت بەراوردکارییەکان باشتر ببینیت، واتا پەیوەندیی نێوان ھێڵان و ھێشتن تێ بگەیت، سەیری وشەکانی ھێشتن، گۆتن، دەڵێ و کێڵان بکە.
وا بزانم ئه‌م چه‌ند نموونانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌شی ئه‌وه‌ دەکه‌ن تا له‌وه‌ بگه‌ین، که‌ گۆڕانه‌کان له‌ (گۆتن – ده‌ڵێ) و کرداره‌کانی دیشدا، ناوازه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕێساکانی زمان نین، به‌ڵکوو به‌ گوێره‌ی ڕێسایه‌کی کۆنی زمان پێک هاتوون.
پوخته‌ی مه‌به‌ست ئه‌مه‌یه‌، که‌ ده‌نگی ناچه‌سپاوی (ش) یان هه‌ندێک جاریش (ژ)، له‌ زمانه‌ هیندۆروپییه‌کاندا به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌گۆڕێت یان گۆ ده‌کرێت یان هه‌ر به‌ یه‌کجاری له‌ گۆکردن ده‌که‌وێت. نمونه‌ی ئاوا له‌ زمانه‌کانی سویدی، ئینگلیزی و فه‌ره‌نسیدا زۆر و زه‌وه‌ندن.

 


کۆتایی

هەموو بەشەکان:

بەشی یەکەم، بەشی دووەم، بەشی سێیەم
 

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە