The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 


شاسوار هەرشەمی 

 

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر "دەڵێ ـ دەهێڵێ ـ دەکێڵێ"

بەشی دووەم (٢)


سێ کرداری کوردی ... به‌ باری گه‌ردانبوونی ڕێساداری ناوازه‌یانه‌‌وه‌


گۆتن چییه‌ و چۆن بۆته‌ ده‌ڵێ؟

گۆتن، گوتن هەروەها وتن کردارێکە بە واتای قسەکردن، دوان، گێڕانەوەی شتێکی بەواتا دەگەیەنێت. گۆتن، بارێکی دی گه‌ردانبوونی کرداری (ده‌ڵێ)یه‌ یان ده‌شێت بڵێم، که‌ چاوگی کرداری (ده‌ڵێ)یه‌. گۆتن، بریتیە لە کردارێکی کۆن و سەرئاڵۆزی زبانی کوردی. گۆتن بە چەند بارێکی ئاڵۆزی ڕێزمانیدا تێ په‌ڕیوە، کە شوێنەوار و شوێنپێھەڵگرتنی ھەروا ئاسان نییە. هه‌روه‌ک تێگەیشتنیشی پێویستی بە ڕاهاتن و زانیاریی ورد ھەیە.
بنەڕەتی کرداری گۆتن، دەچێتەوە سەر ئاڤێستایی. لە ئاڤێستاییدا وشەی ناسراوی (gotha - گۆتە و gath - گاتا) ھەیە، بە واتای (گۆتەگۆت)، سرود، پاڕانەوە بە دەنگ و ئاواز. ئەمەش بۆتە ناوی دەقە کۆنەکانی نووسراوەی ئاڤێستا، کە لە بنەڕەتدا سرود یان وێرد و پاڕانەوەی ئاوازداربوون بۆ گوتنەوەیان لەگەڵ دەفژەنین. لە زمانی میدی – ئەخمێنی، که‌ پێشی ده‌گوترێت پارسی کۆن (thatiy – ثاتی) واتا گۆتی. هه‌روه‌ک (gaub – گەوب) واتا گۆتن. لە په‌هله‌وی پارتی (gow - گۆو) واتا گۆتن. لە پەھلەوی ساسانی (goftan –گۆفتەن)، هه‌روه‌ک (guftar – گوفتار) واتا گوتار، وتار. ھەر بە پەھلەوی (gowak –گۆواک) واتا گۆکەر، ئەو کەسەی کە گۆ ده‌کات، یان دەدوێت و وتار دەدات، فارسی گوفتەن. لە سانسکریتی (gayati – گەیاتی) واتا گۆرانیگوتن. لە ھیندی (gati – گاتی) واتا گۆرانیگوتن. لە ئوردو (گاتایی) واتا گۆرانیگوتن. لە گوجاراتی (gaya – گایە) بە ھەمان واتا دێت.
دەبینین بە ئیرلەندی (guth – گوت) واتا دەنگ. لە لیتاوی (gedoti – گێدۆتی) واتا گۆرانیگوتن. لە ئەرمەنی (koçem – کۆچەم) واتا گۆتی. لە زبانە گێرمانییەکانیشدا ڕه‌گی هاوبه‌شی کرداره‌که بەئاسانی دەناسرێتەوە. لە ساکسۆنی (quethan – کوێتان) و (guedan – گوێدان) واتا گۆتن. هه‌روه‌ک (queddian – کوێددیان) واتا سڵاولێکردن. لە ئەڵمانی باڵای کۆن (quedan – کوێدان) ھەمان واتای گۆتنە. لە ئەنگلۆساکسۆنی (cwedan – کوێدان)ش ھەمان شته‌. وشەکە لە ئینگلیزیدا بە شێوەی (quoth – کوۆث) واتا ئەو (وی)گوتی. لە سویدی (kväda – کڤێدە) واتا گۆتن. دەنگەدەنگکردن بە ئاواز، گۆرانی، لە ئیسلاندی (kveda – کڤێدە) واتا گۆتن. هه‌روه‌ک (kvedja – کڤێدیە) واتا بیدوێنە، سڵاوی لێ بکە. لە گۆتی و دانمارکی (qidan – کیدان) واتا گۆتن.
ڕه‌گی وشەکە (گۆ)یە لەگەڵ نیشانەی چاوگی (تن). ڕه‌گی ھاوبەشی دیسان داڕێژراوه‌ له‌ زمانی PIE بۆ هه‌مان وشە یان کردار، بریتیە لە (gwot-i - گوۆت- ی). ئەمەش گەشەی وشەیەکی ھێشتا کۆنترە، کە دەگەڕێتەوە سەر ڕه‌گی وشەی PIEی (wekw - وێچو، وێکو) هه‌ر بە واتای دوان دێت.
وێژتن، سەیری وشەکانی ئاواز، وێژتن و ڤاچ بکە. من بۆ تێگه‌یشتنی ورد، وا لێره‌ کاری به‌راوردکردنی پێوانه‌یی هه‌ر بۆ وێژتن داده‌نێم، چونکه‌ له‌ ڕێگای ئه‌مه‌وه‌ له‌ ئاواز و ڤاچیش ده‌گه‌ین.

وێژتن: ھەروەھا بێژتن واتا ئاخاوتن، دوان، وشەیەکی کۆن و بەربڵاوی هیندۆروپییه‌ بۆ دوان و دەنگ. ڕه‌گی وشەکە لە زبانی PIE بریتی بووە لە (wekw - وێکو یان دروستتر وێچو) بووە. وشەکە ھەر لە ئێستاوە وێکچوونی لەگەڵ شێوە زۆرەکانی وشەی کوردی (وێژە، وێژین، بێژتن، بێژەر، وێژتن و ھتد ...) بە چاوی ڕووت دیارە، سەرەڕای ئەوەی کە ھاوواتاشن. ھەمان وشە لە زبانی لاتینیشدا بەباشی پارێزراوە. لە لاتینی وشەکە بە شێوەی (vox – ڤۆکس) بە کەمێک گۆڕان لە واتاکە، بریتییە لە (دەنگ)، کە ھەر ئامرازێکی بێژتنە. دیارە ڤۆکس و (وێچو)ی PIEش لێکچوونیان ئاشکرایە. دەبینین ڕه‌گی ھەمان وشەی پرۆتۆ، لە زبانی سانسکریتیشدا، بە شێوەی (vaç – ڤەچ) دەرکەوتووە، بە ھەمان واتای بێژین و گوتن. باری کرداری ئەوۆریستی ھەمان وشە لە سانسکریتی بریتییە لە (avoçam – ئەڤۆچەم) بە واتای (وێژتم - گوتم). دەنگی سانسکریتی (o - ۆ) لە بنەڕەتدا، لە لێکدانی دوو دەنگی (a+u) یان (ئە+و) دروست بووە. بە دیسان گێڕانەوەی دەنگەکە بۆ باری ‌جارانی خۆی، کە دەنگی بنەڕەتی بووە، کردارە ئەوۆریستەکەی سانسکریتی دەبێتە ( a-va-uç-am، ئە- ڤە- وچ - ەم)، یان ھەمووی بەسەر یەکەوە (ئەڤەوچەم). سەیر دەکەین وشەی گرێکی (eipon – ئێیپۆن) ھەر بە ھەمان واتای (گوتم) دێت، دیسان لە ھەمان ڕه‌گی ئەو کردارەی سه‌ره‌وه‌ ھاتووە و گەشەی کردووە. ھەرچەندە لێکچوونەکانی کردارە گرێکییەکە، بە ھۆی ڕێسا ئاڵۆزەکانی گۆڕانی دەنگ لە گرێکی، تێک شکاوە و زۆر ڕوون و بەرچاو نییە. بە گێڕانەوەی وشە گرێکییەکە و لادانی کاریگەرییەکانی ڕێسای گۆڕانی دەنگ، (کە خۆمان لە وردەکارییەکانی لا دەدەین)، ئەوا کردارە گرێکییە بنەڕەتییەکەمان دەست دەکەوێت، کە دەبێتە (e-(w)e-(w)p-on، ئێوێوپۆن). ئەمەش لە ڕه‌گی وشەی دیسان داڕێژراوی PIEی (e-we-ukw-om، ئێوێ - وکو-ۆم )ەوە گەشەی کردووە. کاتێک کە وشە داڕێژراوەکەی گرێکی، لەگەڵ وشە ھاوتاکەی لە سانسکریتی (ئەڤۆچەم - avoçam) بەراورد بکەین، ھاوڕەگبوونیان ئاشکراتر دەردەکەوێت. تەنانەت وشەی (voice - ڤۆیس)ی ئینگلیزیش بەواتای دەنگ، ھەر لە وشە لاتینییەکەوە ھاتووە. لە فەرەنسیش بۆتە (voix – ڤۆیکس) ھەمان وشەی بە میرات لە پرۆتۆھیندۆروپی بۆ ماوەتەوە، لە زبانی کوردیدا بە چەندان شێوە ماوەتەوە. تەنانەت لە ھەموو زبانێکی ھاوچەرخی ھیندۆروپیی دی بەرفراوانتر، ئەوە لە زبانی کوردییە، کە وشەکە خۆی پاڕاستووە و گەشەشی کردووە. دەبینین لە ھەمان ڕه‌گیPIEی (e-we-ukw-om، ئێوێوکوۆم) گەلێک وشە لە کوردیدا دروست کراون و ماونەتەوە وەک (ئەوێژم، ئەیەژم، یەژم، ئیژەم ... ). دووانەکەی یەکەم، ھەردووکیان لە باری دەگمەنی ئەوۆریستیدان. هه‌روه‌ک بە خستنەسەری پێشگری کرداری ڕانه‌بردوو (دە)، ھەمان وشەی بە میرات بۆماوەی سه‌ره‌وه‌ بۆتە (دە-بێژم، دە-وێژم، د-بێژم). وشەکانی دی وەک (وێژە، بوێژ)یش لە چاوگی ھەمان کۆنەوشەوە دروست کراون و لە بنەڕەتدا واتای دەنگیان گەیاندووە. تەنانەت وشەی ناسراوی زاری ھەورامی (ماچۆ)شمان ھەر ھەیە و دەکرێت بەئاسانی لەگەڵ وشەکانی سانسکریتی (ئەڤۆچەم، ئەڤەوچەم) بەراورد بکرێت. وشەی (vaç – ڤاچ) کە بە زاراوەی زازایی کوردی واتای ئاواز و گۆرانی دەگەیەنێت و دەگەڕێتەوە سەر ھەمان ڕه‌گ. لە پەھلەوی ھەردوو وشەی (vaç – ڤاچ) و (vaçak – ڤاچەک) بە واتای واژە ھاتوون. دیاردەکە لە ئاڤێستاییش دەردەکەوێت. لەو زبانەدا وشەیvaç – ڤەچ) واتا گوتن. کاتێک کە ڤاچی زازاکی لەگەڵ (ڤاچ)ی پەھلەوی و (ڤەچ)ی ئاڤێستایی و سانسکریتی بەراورد بکەین، دەردەکەوێت کە هه‌موویان ھەر یەکن، یان ھەمان وشەیە و پارێزراوە. ئەمە شتێکی دیشمان بۆ ئاشکرا دەکات: وشەی (ئاواز)ی کوردیش، که‌ له‌ زۆرێک له‌ زمانه‌ ئێرانییه‌کانیشدا هه‌یه‌، ھەر لە (ئا+ ڤاچ)ەوە ھاتووە و واتای بنەڕەتی ھەمووان لە سەرەتاوە ھەر (دەنگ) بووە. بەم جۆرە وشەکانی وەک: بوێژە، وێژە، ماچۆ، ڤاچ ، ئاواز و ھاوشێوە کوردییەکانی دی ھەمان وشە شانبەشانی (ڤەچ)ی سانسکریتی و (ڤۆکس)ی لاتینی و (ڤۆیس)ی ئینگلیزی و چەندان ھاوشێوەی دی، کردارەکە لە زبانە دەستەخوشکەکانی دی ھەموویان لە بنچینەدا میراتی ھاوبەشی باپیرانمانن و دەگەڕێنەوە سەر وشەی (وێکو، وێچو)ی پرۆتۆھیندۆروپی. دوای پەیدابوونی وشەی (دەنگ) و جێگرتنەوەی واژ و ھاوشێوەکانی، ئەم واتایەیان لێ زەوت کراوە، بەڵام ئاخێوەرانی زبانی کوردی دەستیان لە وشەکە نەک ھەر بەر نەداوە، بەڵکوو گەشەشیان پێ داوە و چەندین واتای دی لە دەنگ دروستکراویان بۆ دۆزیوەتەوە. ده‌بێت ئه‌مه‌ش بڵێم، که‌ هه‌ر هه‌مان وێژ، وێش، یان شێوه‌ باوه‌که‌ی (ئێژ، ئێش) له‌ کوردیدا بۆته (ئێڵ). دواتریش به خستنه‌سه‌ری پێشگری (ده‌) له‌ سه‌ره‌تاو، جێناوی (م)‌ له‌ کۆتاییدا، ئێڵ بۆته‌ ده‌ئێڵم و ده‌ڵێم. بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی پتر سه‌یری گوتن بکه‌.

خودی کرداری گۆتن، بریتییە لە چاوگی وشەی دەڵێ. سەیری (دەڵێ) بکە. وشەکە بارێکی ئاڵۆزی گۆڕانی ڕێزمانی پیشان دەدات، کە چەند نموونەیەکی دی ھاوشێوەیمان ھەیە، وەک پەیوەندیی نێوان ھێشتی – دێڵێ، یان وەک کرداری ڕۆیشتن – دەڕوا، ھەروەھا کاشتن و کشت. وەک لە ( کشتوکاڵ) - کێڵان و تاد.
ئاڵۆزیی ڕوونکردنەوەی گۆتن ئەوەیە، کە ھیچ نیشانەیەکی بوونی دەنگی (ش)ی له‌ باره‌کانی دی گه‌ردانبوون تێدا نییە یان نەپارێزراوە، تا وەک بەڵگە بچینەوە سەری. لێرەدا تەنیا زانستی (بەراوردکردنی پێوانەیی ناوخۆیی) دەتوانێت فریامان بکەوێت و ئەو گۆڕانە ناوازەیەمان بۆ ڕوون بکاتەوە. بە گوێرەی بەراوردکردنی پێوانەیی ناوخۆیی، دەبێ وشەی (گۆتن) لە بنەڕەتدا (گۆشتن) بووبێت، تا لە باری داھاتوودا کرداری (دەڵێم)مان بداتێ. ئەگەر ھێشتا دوورتر بڕۆین، ئەوا وشەکە (گۆھشتن) بووە. ھەر بە ھەمان شێوەش، باری ڕابردووی وشەکە کە ئەمڕۆ (گۆتی)یە، لە بنەڕەتدا (گۆھشتی) بووە. بەم جۆرە گۆھشتی به‌ که‌وتنی ده‌نگی (ش)،وه‌ک له‌ نموونه‌ی کرداره‌کانی دیش ده‌ری ده‌خه‌ین، بۆتە (گۆھتی) و دواتریش (گۆتی)، ئینجا شێوەکانی دی وەک (گوتی و وتی).
ئەگەر ھێشتا بمانەوێت پتر لە وشەکە ورد ببینەوە، ئەوا ئاشکرای دەکەم کە، وشەکە لە بنەڕەتدا لێک دراوە و لە دوو وشەی (گۆ) لە گۆکردن و (ئێژ) لە (ئێژێ، ئێژتن) و له‌گه‌ڵ پاشگری چاوگی (تن) لێک دراوە و به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌ بۆتە (گۆ+ ئێژ+تن=گۆئێژتن). دواتر بۆ ئاسانکاری بۆتە (گۆھێشتن و گۆھشتن)، ئینجا بە ھەمان پێداڕۆیشتنی پرۆسێسی کردارەکانی ھێشتی – دێڵێ، ڕۆیشتن - دەڕوا و ھەروەھا کاشتن و کشت - کێڵان، ئەویش بۆتە گۆتن و دواتریش بارەکانی دی گوتن - وتن. به‌ڵگه‌یه‌کی زیندووی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌، له‌ زمانێکی زیندووی سه‌ر به‌ هه‌مان کۆمه‌ڵه‌ زمانی کوردی، له‌ به‌ر ده‌ستماندایه‌. له‌ زمانی به‌لووچیدا، به‌ گۆتی، گوتی، وتی ده‌گوترێت gwaştın، گوه‌شتن. هه‌روه‌ک گوتن ده‌بێته  gwaşag، گوه‌شه‌گ. ده‌ڵێ ده‌بێته ‌ agwaşt، ئه‌گوه‌شت.  بۆ ئەوەی بتوانیت بەراوردکارییەکان باشتر ببینیت، سەیری وشەکانی ھێشتن- ھێلان و کشت و کاشتن - کێڵان بکە. زۆر وشەی کوردیی دیش لە گۆتن دروستکراون، وەک گوتە، گوتار، گۆتەگۆت، گوتەنی، گوتراو.
لێره‌دا پرسیاره‌ سه‌خته‌که‌ دێته‌ پێش. گه‌لۆ، (گۆتی) چۆن بۆته‌ (ده‌ڵێ)؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: کرداری (ده‌ڵێ) له‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ی کرداره‌که‌وه‌ دروست نه‌کراوه‌، به‌ڵکوو ته‌نیا له‌ به‌شێکی پێکهاته‌که‌ی ئه‌م کرداره‌وه‌ هاتووه‌. وارا له‌ ڕه‌گی کرداری (ئێژتن- ئێشتن)ه‌وه‌ هاتووه‌. وه‌ک له‌ کشت و کاشتندا ده‌یبینین، له‌ باری (کێلان)دا، ده‌نگی (ش) بۆ ده‌نگی (ل) گۆڕاوه‌ یان له‌ کرداری (هێشتن)دا ده‌بینین، له‌ باری (دێڵێ) هه‌مان ده‌نگی (ش) بۆ ده‌نگی (ل) گۆڕاوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش، ئێش-تن بۆته‌ (ئێڵ-تن). به‌ خستنه‌سه‌ری پێشگری (ده‌)، پاشگری نیشانه‌ی چاوگ واتا (تن) ده‌که‌وێت و کرداره‌که‌ ده‌بێته‌ ده‌ئێڵ یان ده‌ئێڵێ، تا به‌دوا شێوه‌ی خۆی ده‌گات که‌ (ده‌ڵێ)یه‌.

ده‌زانم بەبێ به‌راوردکردنێکی ورد و ژیرانه‌ی ئه‌م گۆڕانه‌ ئاڵۆزه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هێشتن- دێڵێ و کشت و کاشتن و کێلان، ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌ ئاڵۆزه‌ وا به‌ئاسانی هه‌ر‌س ناکرێت، بۆیه‌ هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌، کاری لێکۆڵینه‌وه‌که‌م له‌سه‌ر هه‌ردوو کرداره‌که‌ی دیش درێژه‌ پێ ده‌ده‌م.

جێی خۆیه‌تی که‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ کرداری (دبێم) بکه‌م، که‌ له‌ زاراوه‌ی کرمانجیدا واتا (ده‌ڵێم). کرداره‌که‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر کرداری ناسراوی (دبێژم) به‌ هه‌مان واتاوه‌. واتا له‌ هه‌مان (بێژتن)ه‌وه‌ هاتووه‌. تێبینی ده‌که‌ین که‌ ده‌نگی (ژ) هاوشێوه‌ی ده‌نگی (ش) له‌ کرداره‌کانی کوردیدا ناجێگیره‌ و ده‌که‌وێت یان وه‌ک له‌ باره‌کانی (ده‌ڵێ، ده‌هێڵێ، ده‌کێڵێ) ده‌نگی (ش) بۆ ده‌نگی (ڵ) گۆڕاوه‌. ناجێگیریی ده‌نگی (ش) له‌ زۆرێک له‌ زمانه‌ ده‌سته‌خوشکه‌کانی هیندۆروپیشدا تێبینی ده‌کرێت، وه‌ک له‌ سویدی، ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی و ... تاد.

 

کۆتاییی بەشی دووەم

هەموو بەشەکان:

بەشی یەکەم، بەشی دووەم، بەشی سێیەم

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە