The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 


شاسوار هەرشەمی 

 

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر "دەڵێ ـ دەهێڵێ ـ دەکێڵێ"

بەشی یەکەم (١)


سێ کرداری کوردی ... به‌ باری گه‌ردانبوونی ڕێساداری ناوازه‌یانه‌‌وه‌

ڕه‌نگه‌ ئه‌م سێ کرداره‌ بار سه‌یره‌ی گه‌ردانبوون، یان چه‌ندێکیان له‌و سێیه‌، پێش منیش سه‌رنجی که‌سانی دیی له‌سه‌ر بووبێت. من چه‌ند ساڵێکه‌ لێکۆڵینه‌وه‌م له‌سه‌ریان کردووه‌ و به‌ به‌ره‌نجامی ئه‌وه‌ گه‌یشتووم، که‌ گۆڕانه‌کانی باری گه‌ردانبوون، له‌ هه‌ر سێ کرداره‌که‌، بارێکی هاوبه‌شی ڕێساداره‌ و ده‌کرێت به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌راودییان له‌گه‌ڵ یه‌کدی، بتوانین به‌ شێوه‌یه‌کی ئاسان تێیان بگه‌ین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، هه‌ر یه‌کێک له‌و سێ کرداره‌ ده‌خه‌مه‌ به‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ و دواییش به‌ره‌نجامی به‌ده‌ستهاتووی هه‌رسێکیان پێکه‌وه‌ به‌راورد ده‌که‌ین.

دەڵێ: واتا (دەدوێ، قسە دەکات، دەگێڕێتەوە)، باری چاوگی وشەکە (گۆتن، گوتن یان وتن)ە، ھەروەھا باری ڕابردووشی (گوتی، گۆتی، وتی)یە. چاوگ یان باری ڕابردووی کردارەکە، بە ڕواڵه‌ت و چاوی ڕووت، وا دەردەکەوێت کە ھیچ پەیوەندییەکی بە کرداری (دەڵێ)وە نەبێت. ئێمە لە ڕوونکردنەوەکانماندا بۆ کرداری (گوتن) بەتایبەتی دێینەوە سەر ئەو پەیوەندییە زمانەوانییە ئاڵۆزەی وشەکە، بەو شێوەی کە لە کوردیدا ھەیە.

به‌ هۆی بوونی گومانێک، که‌ کرداره‌که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ت و ڕه‌گه‌وه‌ کوردی نییه‌ و له‌ زمانێکی دی وه‌رگیراوه‌، یه‌که‌م جار کارێکی به‌راوردکاریی پێوانه‌یی بۆ کرداره‌که‌ ده‌که‌م، تا بزانین که‌ هاوشێوه‌ی "ده‌ڵێ" له‌ زمانە ده‌سته‌ خوشکه‌کانی دیمان هه‌یه‌ یان نا؟

وشەی "دەڵێ" بریتییە لە (دە+ ڵێ). وشەی "دە-" بریتییە لەو پێشگرەی کە دەچێتە سەر کرداری ڕانه‌بردوو. وه‌ک له‌ کرداره‌کانی (ده‌خۆم، ده‌ڕۆم، ده‌خوێنێت و ...) ھەرچی "ڵێ، یان ڵه‌"یە، که‌ چاوگی بنه‌ڕه‌تیی کرداره‌که‌یه‌، ئەوا دەگەڕێتەوە سەر ڕه‌گی وشەی دیسان داڕێژراوه‌ی زمانی هاوبه‌شمان، یان زمانی PIEی (kle – کلێ یان le-لێ) بە واتای دەنگ، یان دەشێت بڵێین واتای وشە بنه‌ڕه‌تییه‌کە، بریتی بووە لە (دوان). لە گرێکی (laleo – لالیۆ) واتا دەدوێت، هه‌روه‌ک (lalos – لالۆس) واتا زۆربڵێ. لە لاتینی (lallare – لاللەرێ) واتا دوان.
کردارەکە لە زبانە گێرمانییەکانیشدا بەفراوانی دەبیندرێت. له‌و زمانانه‌دا له‌ جیاتیی پێشگری کوردیی (ده‌) پێشگری گێرمانیی (ته‌ - تا) ده‌بیندرێت، که‌ هه‌مان ڕۆڵی (ده‌)ی کوردی ده‌بینێت. لە ئەنگلۆساکسۆنی (talu – تالو) واتا دەڵێ. لە ئینگلیزی (tale – تەیل) واتا دەڵێ، دەگێڕێتەوە. ھەر لە ئینگلیزی (تۆلک - tolk) گوتنە. لە زبانی دانمارکیش، گوتن بریتییە لە (تالێر – taler). لە سویدی (tala – تالە) واتا دەڵێ، (tolk – تۆلک) واتا وەرگێڕان لە زبانێکەوە بۆ یەکێکی دی. گەر ئەمەش بزانین، کە بە گوێرەی ڕێساکانی گۆڕانی دەنگ لە زمانە گێرمانییەکاندا دەنگی (د، d) بۆ (ت، t) دەگۆڕێت، ئەوا ئەوکاتە کردارەکان ھێشتا پتر لێک دەچن. واتا دەنگە (ت)ەکانی وشەکانی سه‌ره‌وه‌‌، جارێکی دی دەکەینەوە بە (د)، تا لێکچوونەکان ڕوونتر ببنەوە. لە زمانێکی سلاڤی وەک سلۆڤێنیش، کرداری دەڵێ پێی دەگوترێت (یێ دێیال - je dejal). لە سلۆڤاکیدا بۆتە (پۆڤێ دال - pove dal).
جێگای سەرنجە کە کردارەکە، لە ھەموو ئەو زبانانەدا بۆ ژماره‌ش یان دانه‌ دانه‌ی شتیش بەکار دێت. وەک لە کوردی (تاڵە- موو) واتا یەک دانە موو. لێرەدا کێشەی تێکەڵاوکردنی ژماردن و دوان، یان قسەکردن دێتە پێشێ، کە تەنیا لە زبانی کوردی و زبانە گێرمانییەکاندا بەرچاو دەکەوێت. دەبینین لە ئەنگلۆساکسۆنی (tal – تال) ژماردنە و (talu – تالو) گێڕانەوە و گۆتنە. لە ئینگلیزیدا وشەی (tale – تەیل) ھەردوو ژماردن و گێڕانەوەیە. لە سویدی (tal) ژمارە و دانەیە و (tala – تالا) واتا دوان، وتاردان. لە کوردی وەک لە تاڵەموو بینیمان، تاڵ ژمارە و دیاریکردنی دانە دانەی شتە و (دەڵێ)، کە لە ھەمان ڕه‌گی ھاوبەشی (tale – تالێ) ھاتووە، واتا قسە دەکات، دەگێڕێتەوە. وەک دەردەکەوێت ژماردن و دوان لە ڕه‌گی ھەمان وشەوە ھاتوون. وشەی (تاڵ) لە زبانە گێرمانییەکاندا لکوپۆپی زۆری لێ بۆتەوە. وشەکە بە پێشگر و پاشگری لێک جیا بۆ لێدوان، دوان، گفتوگۆکردن، ژماردن، وتاردان و بێژەر و چی و چی بەکار دێت، بەڵام لای ئێمە لەبیر کراوە. بۆ زانیاریی پتر، سەیری وشەکانی لاڵ، تاڵ، تەڵ و گۆتن بکە. دەمەوێت لێرەدا ڕاوەستەیەک لەسەر کردارەکە بکەم و بە شێوەی زاره‌وه‌ی ھەولێر (دەرێ، دەرێم) بیخوێنمەوە. ئەمە کرداری پەھلەوی (drayitan - دراییتەن)مان بیر دەخاتەوە، کە ھەر واتا دەرێ/ دەڵێ، یان گوتنە. لێکچوونێکی دیار لەنێوان (دەرێ) و (درایی) دەبیندرێت. ئەم ڕێسایەشمان دەبێ لەبیر بێت، کە لە زبانە ئێرانییە کۆن و کلاسیکییه‌کاندا له‌وانه‌ ئاڤێستایی، دەنگی (ڵ) بە شێوەی (ر) دەردەکەوێت. بۆ زانیاریی پتر سەیری لاڵ بکە.
لاڵ: بریتییە لە زمانگیران و نەتوانینی قسەکردن. ئەو کەسەی کە لەبەر ھۆی جۆراوجۆری فیزیکی و دەروونی ناتوانێ قسە بکات، بەڵام دەنگی جۆراوجۆری لە گەروو دەردەچێت. لە فارسی لال، بە ئەرمەنی لال، وشەکە دەگەڕێتەوە سەر ڕه‌گی وشەی PIEی (kle – کلێ، یان le- لێ) بە واتای دەنگ. یان دەشێت بڵێین واتای وشەکە بەپێچەوانەی واتای ئێستای، بریتی بووە لە (دوان). لە گرێکی (laleo – لالیۆ) واتا دەدوێت. هه‌روه‌ک (lalos – لالۆس) واتا زۆربڵێ. لە لاتینی (lallare – لاللەرا) واتا دوان. لە کرداری کوردی (دەڵێ)، وەک دەبینین پاشگری (لێ) خۆی واتای دوان بووە و پێشگری (دە)ی چۆتە سەر. سەیری دەڵێ بکەوه‌ له‌ سه‌رێ. ھەمان شتیش لە (tale – تەیلی) ئینگلیزی و (tala – تالای) سویدی و لە زۆر وشەی دیشدا. لە ئەڵمانیی کۆن وشەی(hellon – ھێللۆن) واتا زرنگانەوەی بەھێزی دەنگێک. لە ئەلمانی (lallen – لاللێن) واتا دوان، گۆڕانی گوتن. لە سویدی (lalla – لاللە) واتا لاوانەوە، گۆرانیگوتن. لە سویدی کۆن (lom – لۆم) و ھەروەھا (lomber – لۆمبەر) واتا کەڕ. لە ئیسلاندی (hljomr – ھلیۆمر) واتا دەنگی گەورە. لە سویدی (ljomma – یۆممە) (لیۆممە) واتا دەنگدانەوە. لە دانمارکی (lalle – لاللێ) ھەمان شته‌. بەم جۆرە وشەی لاڵ له‌ بنه‌ڕه‌تدا واتا: نەتوانینی دەنگکردن. لاڵ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە لاڵانەوەوە ھەیە. لاڵانەوە لە چەندین زمانی هیندۆروپی پەیوەندیی بە جۆری قسەکردن و گۆرانیگوتن یان تەنیا لاڵانەوە ھەیە. سەیری وشەکە بکە.

کوردی دەڵێ: لاڵ بم ئەگەر شەبیھی ڕووی کەم بە ماھی ئەو
یا دڵ بدەم بە میھری نیگارێ، بە غەیری ئەو.

لاڵانەوە: واتا پاڕانەوە بە دەنگێکی گریاناوی، پاڕانەوە بە شێوەی سەردولکەی ئاوازدار. هه‌روه‌ک لاڵانەوە بریتییە لە پاڕانەوە بە دەنگە دەنگێکی ناڕوون، کە وەک دەنگی ئەو کەسانە وایە کە لاڵن. لە گرێکی (laleo – لالێوۆ) واتا گۆرانیگوتن، قسەکردن. هه‌روه‌ک (lalos – لالۆس) واتا زۆربڵێ. ھەر لە گرێکی (lalein – لالێین) واتا لاڵانەوە. هه‌روه‌ک (laiein – لایێین) واتا گۆرانیگۆتن، ھاوارکردن. لە لاتینی (lallare – لاللارێ|) واتا قسەکردن لە خەودا. لە ئەڵمانی (lallen – لاللێن) واتا گۆرانی گوتن. بە دانمارکی (lalle – لاللێ) واتا گۆرانیگوتن. لە سویدیش (lalla – لاللە) واتا لاواندنەوەی کاتی خه‌واندن و ڕاژاندنی منداڵی ساوا. لایەلایە.
کرداری دوان، بارێکی دی گه‌ردانبوونی کرداری ناسراوی (وێژتن)ه‌. با سه‌رنج بده‌ین و بزانین وێژتن چۆن بۆته‌ دوان. کرداره‌که‌ دوای کرتاندنی نیشانه‌ی چاوگی (تن)ە، به‌ شێوه‌ی (وێژ) ده‌مێنێته‌وه‌. ئاخێوه‌ری کوردی، ده‌نگی (ژ)ی وه‌ک (ش) داناوه‌ و به‌ ده‌نگێکی ناجێگیری زانیوه‌، بۆیه‌ (وێژ) بۆته‌ (وێ). به‌ له‌پێشدانانی ئامرازی (ده‌)ی نیشانه‌ی باری ڕانه‌بردوو و ئێستای کردار له‌ زمانی کوردی، کرداره‌که‌ بۆته‌ (ده‌-وێ). دیاره‌ ئه‌م باره‌ ناجێگیره‌ له‌سه‌ر زاران قورس بووه‌، بۆیه‌ ده‌نگێکی دی (د) خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌گی کرداره‌که‌ و بۆته‌ (دوێ)، به‌ هاتنه‌پاڵی پێشگری (ده‌) به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌ ده‌بێته‌ (ده‌-دوێ). باره‌کانی دی گه‌ردانبوونیشی بریتین له‌ دوان، دواندی، بیدوێنه‌، دواندبووی، ده‌دوێندرا و ... تاد.


جێی خۆیه‌تی که‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ کرداری "دبێم" بکه‌م، که‌ له‌ زاراوه‌ی کرمانجیدا واتا (ده‌ڵێم). کرداره‌که‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر کرداری ناسراوی (دبێژم) به‌ هه‌مان واتاوه‌، واتا له‌ هه‌مان (بێژتن)ه‌وه‌ هاتووه‌. تێبینی ده‌که‌ین، که‌ ده‌نگی (ژ) هاوشێوه‌ی ده‌نگی (ش) له‌ کرداره‌کانی کوردی، ناجێگیره‌ و ده‌که‌وێت یان وه‌ک له‌ باره‌کانی (ده‌ڵێ، ده‌هێڵێ، ده‌کێڵێ) ده‌نگی (ش) بۆ ده‌نگی (ڵ) گۆڕاوه‌. ناجێگیریی ده‌نگی (ش) له‌ زۆرێک له‌ زمانه‌ ده‌سته‌ خوشکه‌کانی هیندۆروپیشدا تێبینی ده‌کرێت، وه‌ک له‌ سویدی، ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی و ... تاد.


 

کۆتاییی بەشی یەکەم

هەموو بەشەکان:

بەشی یەکەم، بەشی دووەم، بەشی سێیەم

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە