The website of the Kurdish language                       Youtube                              www.yageyziman.com

 

سەبارەت about


دیاکۆ هاشمی ــ ناسری ڕەزازی

دەستپێک
ئەم ماڵپەڕە (یاگەی زمانی کوردی www.yageyziman.com)، لە هاوینی (٢٠١٢) لە لایەن (ناسری ڕەزازی) و (دیاکۆی هاشمی) بۆ ڕاژەکردن بە زمانی کوردی دەستی پێ کرد. بیرۆکەی ناوەکە (یاگە)، پێشنیاری کاک ناسری ڕەزازی بوو، "یاگە" وشەیەکی کۆن و لەمێژینەی هەورامییە و واتە "جێگا، شوێن".

ئامانج
هەوڵی ئێمە ئەوەیە بە بەراوردکردن لەگەڵ زمانە پێشکەوتووەکاندا و بەگوێڕەی ڕێسا زمانەوانییەکان، بەربەستەکانی بەردەم زمانی کوردی تەخت و هامار بکەین و ڕێگاکانی گەشەسەندنی دەستنیشان بکەین.

ئێرە وێبگەیەکە بۆ بەرهەمە لێکۆڵراوەکانی زمانی کوردی و یاگەیەکە بۆ ئەوانەی ئەمڕۆ و سبەینێ دەیانەوێت بە بابەتێکی زانستیی زمانەوانییانە پاڵپشتی لە ڕەوتی گەشەسەندنی زمانی کوردی بکەن.

یاسا و ڕێسای وتاربڵاوبوونەوە لە یاگەی زمانی کوردیدا
ئەو بابەتەی دەنێردرێت بۆ بڵاوبوونەوە دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا ڕەچاو کرابێت:

١. پێوەندیی بە زمانەوە هەبێت.

٢. دەبێت پوخت و زانیاریبەخش بێت، نابێت لە (١٠٠٠) وشە زیاتر بێت، ئەگەر بابەتەکە درێژتر بوو دەکرێ دابەش بکرێتە سەر چەند بەشێکەوە.

٣. ڕێساکانی (ڕێنووس)، (ڕێزمان)، (خاڵبەندی) و (تایپۆلۆجی)ی کوردی و هەروەها ڕێسای وتارنووسین (پێشەکی، ناوەڕۆک و دەرەنجام)ی تێدا ڕەچاو کرابێت. نموونەی وتارێک کە ئەو ڕێسایەی تێدا ڕەچاو کراوە: (مافی لەبەرگرتنەوە).

٤. بە فۆرماتی (pdf) نەنێردرێت، بە (تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد) نووسرابێت. ئەگەر بابەتێکتان هەیە کە بە تەختەکلیل و فۆنتی نایونیکۆدی وەکوو فۆنتی عەلی یان فۆنتی دیلان نووسراوە تکایە لە پێشدا لە سایتی (کوردئایتیگرووپ www.kurditgroup.org) لە بەشی (وەرگێڕ)دا بیگۆڕن بۆ فۆنتی یونیکۆد و پاشان بینێرن بۆ ئێمە. هەر بابەتێک کە بە فۆنتی نایونیکۆد نووسرابێت بڵاو نابێتەوە، چونکوو نووسینەکان لای خوێنەرێ کە ئەو فۆنتانەیان نەبێت ناخوێنرێنەوە.
هەموو نووسراوەیەکی کوردی دەبێ بە (تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد) یان هەر فۆنتێکی تری وەکوو:

(Tahoma), (Arial), (Times New Roman)

کە لەسەر بنەمای یونیکۆد دروست کراون بنووسرێن.

٥. ئەگەر پێتان باش بێت دەتوانن وێنەیەکی خۆشتان لەگەڵ بابەتەکەتاندا بنێرن. ئەگەر بابەتەکەتان وێنەی تێدایە دەبێ وێنەکانیش بە جیا بنێرن تا لە شوێنی مەبەستدا دابنرێت.

٦. هەموو ڕێنووسێک پێش لە بڵاوبوونەوە دەهێنینە سەر (ڕێنووسی زمانی کوردی) واتە ئەو ڕێنووسەی کە ئەکادیمیای کوردی، زانستپەروەرانی کورد و یاگەی زمانی کوردی ڕەچاوی دەکەن و لە ڕیزە بەرنامەکانی "فێرگەی زمانی کوردی"دا بە دوورودرێژی باسی لەسەر کراوە.

تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆدی بۆ کۆمپیوتەر
ئەگەر ویندۆزی ٨ یان نوێترتان هەیە، لە بەشی زمانەکان (Control panel)دا دەتوانن تەختەکلیلی کوردی چالاک بکەن و بەو فۆنتانەی کە لە کۆمپیوتەرەکانتاندا هەیە وەکوو (Arial), بە کوردی بنووسن، ئەگەر ویندۆزەکەتان کۆنترە، بۆ نموونە ئەگەر ویندۆزی ٧ یان پێشووترە، لە سایتی (کوردئایتیگرووپ www.kurditgroup.org) لە بەشی (داگرتن)دا دەتوانن تەختەکلیلی کوردی دابگرن بۆ ئەوەی لە کۆمپیوتەرەکەتاندا بە فۆنتی ناو کۆمپیوتەرەکەتان بە کوردی بنووسن.

ئەگەر حەزتان لە فۆنتی زیاتر و جوانتری کوردییە هەر لە سایتی (کوردئایتیگرووپ www.kurditgroup.org) لە بەشی (داگرتن)دا دەتوانن (گورزەی فۆنتەکان) دابگرن و بەوانە بنووسن، ناوی ئەو فۆنتانە بە (Uniurd) دەست پێ دەکات، وەکوو (Unikurd Web). ئەگەر بەو فۆنتانە بنووسن و بۆ کەسێکی تری بینێرن و ئەو کەسە ئەو فۆنتەی نەبێت نووسینەکان تێک ناچن و (خۆکار automatic) دەچنە سەر فۆنتێکی تری یونیکۆد کە لە هەموو کۆمپیوتەرێکدا هەیە بۆ نموونە (Arial).

ئەگەر ناتوانن لە کۆمپیوتەرەکەتاندا بە کوردی بنووسن، دەتوانن ڕاستەوخۆ لە (پەڵک کوردینووس)دا بە کوردی بنووسن بێ ئەوەی پێویستتان بە تەختەکلیلی کوردی هەبێت.

زۆر لە بابەتەکان لە بەرنامەی فێرگەی زمانی کوردیدا بە شێوەی ڤیدیۆ باس کراوە و ئێستە لەسەر یوتووب دانراوە. بۆ دیتنی ئەو بەرنامانە تکایە کرتە لێرە بکەن: فێرگەی زمانی کوردی


یاگەی زمانی کوردی
دیاکۆ هاشمی

 

© 2010 www.yaeyziman.com