The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 

تەختەکلیلی کوردی و کێشەکانی

(کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی)

لە ڕێکەوتی (١٣/١١/٢٠١٣)دا، لەسەر میوانداریی ئەکادیمیای کوردی و بە ئامادەبوونی دەستەیەک لە ئەندامانی کوردئایتیگرووپ، زانستپەروەرانی کورد، چاوگ، فەرمانگەی ئایتی، مامۆستایانی زانکۆ و چەند زمانەوانێک، کۆبوونەوەیەک ساز کرا.
گفتوگۆکان لەسەر شیکارێک بۆ نواندنی پیتە کوردییەکان و گرفتەکانیان لە تەکنۆلۆجیای زانیاریدا بەڕێوە چوو. گفتوگۆیەکی زانستییانە و شیتەڵکارییانە خامەی چەندین هەنگاوی گرووپی ئایتی و ئەکادیمیای کوردیی لە چەند بڕیارێکدا کۆ کردەوە کە لە ڕێنووسی نوێی زمانی کوردیدا جێگیر دەبێت و بەزوویی بە چاپکراویش بڵاو دەبێتەوە.


تەختەکلیلی کوردی هەندێ کێشەی هەبوو و بڕیار درا کە ئەو کێشانە بەم شێوانە چارەسەر بکرێن:
١. هەموو نووسینێکی کوردی دەبێ بەتەواوەتی بە تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد بنووسرێت کە لە سایتەکانی (www.kurditgroup.org) و (www.chawg.org)دا بەخۆڕایی دانراون. هەروەها مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و ئوبونتوو و شوێنەکانی تریش هەر کەڵک لەوانە وەردەگرن و لە سیستەمە نوێیەکانی خۆیاندا، بۆ نموونە لە ویندۆزی ٨ بۆ سەرەوە دانراون.
٢. هیچ نووسینێک نابێت بە تەختەکلیل و فۆنتی نایونیکۆدی وەکوو (فۆنتی عەلی، دیلان و هتد) بنووسرێت.
٣. لە سیستەمی جیهانیی یونیکۆددا هەر پیتێک یەک کۆدی هەیە، ئێمەش لە تەختەکلیلی کوردی بۆ هەر پیتێک یەک دوگمەمان هەیە و پیتێکی وەکوو (وو)ش بە دوو جار نووسینەوە دەنووسین.
٤. ئەگەر بمانەوێ دەنگی (H) بە شێوەی (هـ) لە کۆتایی وشەیەکی وەکوو (ما‌هـ)دا بنووسین کەڵک لە (ه H + شیفت + M) وەردەگرین کە وای لێ دێت: (هـ) و، هەوڵ نادەین بە یەک دوگمە بینووسین، چونکوو لە سیستەمی زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی دەچینە دەرەوە و ئەوە دەبێتە کێشە لە دواییدا.
٥. دوو جۆر (ک/ ك) لە زمانەکانی فارسی و عەرەبیدا هەن، ئێمە بۆ ئەوەی تووشی دوودەستەیی نەبین و بۆ ئەوەی لە کاتی گەڕان لە ئینتەرنێت و (بنکەدراوە database)ەکاندا کێشەمان بۆ ساز نەبێت، بە تەنیا و تەنیا (ک) بەکار دەبەین و بەتەواوەتی واز لە (ك) دەهێنین. هەروەها هۆکارێکی تر کە (ک)مان لە باتیی (ك) هەڵبژاردووە، ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە لە ئەلفبێی کوردیدا خۆمان لە چوکڵەکانی زمانی عەرەبی دوور خستووەتەوە، بۆیە (ک) لە (ك) گونجاوترە.
٦. ئەکادیمیای کوردی بەزوویی نامیلکەیەکی نوێی ڕێنووس بڵاو دەکاتەوە. چاوەڕێ دەکرێت هەمووان ئەوە بکەنە بنەمای نووسینەکانی خۆیان، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین هەموومان بە ڕێنووسێکی یەکدەست بنووسین. تا ئەو کارە نەکەین ناتوانین زمانی کوردی ئامادە بکەین بۆ بەشدار بوون لە ڕەوتی گەشەسەندنە جیهانییەکاندا.
٧. هەوڵ دەدرێت ئەو ڕێنووسە لە دامودەزگا فەرمییەکان و قوتابخانەکانیشدا جێگیر بکرێت و هەوڵ دەدرێت بۆ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی تابلۆکانی شارەکان بۆ ئەوەی لە هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی پاقژ بکرێنەوە.
٨. گرنگیی ئەم بڕیارە لەوەدایە کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکخستنی تەختەکلیلی کوردی (پیتە ئارامییەکان)، کە کوردئایتیگرووپ لەمێژە کۆدەکانی بەرامبەریانی داناوە.
٩. دروستکردنی وشەدانێک بۆ زمانی کوردی، شوێن و ئاماری بەکارهێنانی پیتەکان لەسەر تەختەکلیل، بەکارهێنانی بەرزکەرەوە (Shift) و ئامێری وەرگێڕانی خۆکار بۆ زمانی کوردی، چەند باسێکی تری کۆبوونەوەکە بوون کە دەبنە هەنگاوی داهاتوو و گرووپی ئایتی و فەرمانگەی ئایتی و زانکۆکانی کوردستان بە هاودەنگیی ئەکادیمیای کوردی توێژینەوەی لەسەر دەکەن.
 

 

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە