The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 


شاسوار هەرشەمی 

                             

   ڤاوڵە بزوێنەکان و جێگۆڕکێ پێکردنیان بە زمانداگرتن (ablaut)

 

ئاوڕێکی دی له‌ زمانی پرۆتۆهیندۆروپی:-

مه‌به‌ستم له‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ بتوانم به‌راوردکردنێکی مێژوویی بکه‌م، له‌ چۆنیه‌تیی جێگۆڕکێ پێکردنی ده‌نگه‌ بزوێنه‌کان له‌ناو په‌یکه‌ره‌ی وشه‌دا، له‌ نێوان زمانی پرۆتۆهیندۆروپی و زمانه‌ هاوچه‌رخه‌کانی هیندۆروپیدا. دیاره‌ له‌م به‌راوردکردنه‌دا به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی ئاوڕ له‌ زمانی کوردی و زاراوه‌کانی ده‌ده‌‌مه‌وه و نموونه‌ی لێ دێنمه‌وه‌‌. له‌ ڕێگای به‌راوردکردنێکی ئاوا مێژوییدا، ده‌کرێت له‌ جۆره‌کانی ده‌نگه‌ بزوێنه‌کان و چۆنیه‌تیی جووڵانه‌وه‌یان له‌ناو په‌یکه‌ره‌ی وشه‌ی کوردی بگه‌ین و بزانین که‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ تازه‌ داهێندراون یان له‌ زمانانی دی وه‌رگیراون، یاخود دیارده‌یه‌کی کۆن و میراتییه‌ و له‌ زمانانی باپیر و داپیره‌ کۆنه‌کانمانه‌وه‌، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ بۆمان ماونه‌ته‌وه‌، دیاره‌ به‌ ئاستی جۆراوجۆر و جیاواز له‌ گۆڕان.

یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی که‌ ساڵانێکه‌ له‌لایه‌ن توێژه‌ره‌وانی زمانی پرۆتۆهیندۆروپییه‌وه‌ گفتوگۆی گه‌رمی له‌سه‌ر ده‌کرێت، بریتییه‌ له‌ چۆنیه‌تیی جێگۆڕکێ پێکردنی پیت یان ده‌نگه‌ بزوێنه‌کان یان ڤاوڵه‌کان له‌ ناو په‌یکه‌ره‌ی وشه‌وه‌‌، هه‌روه‌ها ئه‌و کاریگه‌رییانه‌ی جێگۆڕکێکردنی ده‌نگه‌ بزوێنه‌کان،که‌ له‌ زمانی پرۆتۆی هاوبه‌شمانه‌وه‌ ‌ بۆ وه‌چه‌ زمانه‌کانی دی، کلاسیک و هاوچه‌رخی هیندۆروپی به‌جێ ماون.
هه‌روه‌کوو زووتریش له‌ زنجیره‌ گوتاری بیردۆزه‌ی لارینگالدا ئاماژه‌م پێ داوه‌، تا ئەمڕۆش توێژەرەوان لەسەر ئەمە ساغ نەبوونەتەوە کە ئاخۆ ھەمبانەی پیتە بزوێنه‌کان یان ڤاوڵەکانی زمانی پرۆتۆھیندۆروپی چەند دەنگی بەتەواوەتی تێدا بووە! ئەوەی تا ئەمڕۆ لەبەر دەستی ئێمەدان، دوو مۆدێلی بنەڕەتین کە لەگەڵ یەک کێبەرکێ دەکەن. ھەرچەندە لە ڕاستیدا ھەردوو مۆدێلەکە تەنیا دوو شێوەی پێناسەکردنی لێکجیاوازی ھەمان بناغەی سیستەمەکەیە.

ڕوونترین و ئاسانترین شێوە ئەمەیە، کە لە ھەرە دڵنیاکانەوە دەست بەکار بین. ئێمە دڵنیاین کە لە زمانی پرۆتۆ یان (PIE)دا ھەردوو ڤاوڵی ( ێ - e، ۆ- o) ھەبوون. ئەو دوو ڤاوڵە بە شێوەی دەنگی درێژبووەوەش ھەبوون کە لە زانستی زماندا ڕێنووسی (ē ، ō)یان بۆ داندراوە. ئەو چوار ڤاوڵەی سەرەوە کە چوار ڤاوڵی بنەڕەتین، سیستەمێکی چوارئاستی پێک دێنن، کە ئاستێکی دی پێنجەمیشیان خراوتە پاڵ. مەبەست لە ئاستی پێنجەم، ئەو بارەیە کە کاتێک ڤاوڵ لە وشەیەکدا نامێنێت و گۆ ناکرێت. واتا شوێنی ئاستی پێنجەم، له‌ناو په‌یکه‌ره‌ی وشه‌دا چۆڵ و بۆشە.


چۆنێتیی گۆکردنی وشه‌:-
کرداری گۆکردن و دەربڕینی وشە، لە ڕاستیدا بریتییە لە گۆڕینی شوێنی ئەو ئاستانەی ڤاوڵ یان دەنگە بزوێنەکان له‌ شوێنێکی په‌یکه‌ره‌ی وشه‌که‌وه‌ بۆ شوێنێکی دی هه‌مان په‌یکه‌ره‌ی هه‌مان وشه‌. واتا ڤاوڵەکان شوێنیان بە گۆڕانی گۆکردن و دەرخستنی بار و گەردانبوونی وشە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی دەگۆڕن. گەر بە شێوەیەکی ڕوونتر بدوێین، ئەوا دەڵێین ڕەگێکی پرۆتۆھیندۆروپی بچوکترین شێوە یان فۆرمی ھاوبەشە، که‌ وشەی لێ دروست دەکرێت. دیاره‌ ئه‌مه‌ش بە یارمەتیی ئاستە جیاوازەکانی ئەو چوار بزوێن یان ڤاوڵە بوو که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ کردن. واتا (ێ، ۆ، ێێ، ئۆۆ - ō,ē,o,e) لەگەڵ ئاستی پێنجەمی چۆڵ و بەتاڵ یان باری (نائاستی)، کە ھیچ ڤاوڵ و بزوێنێکی تێدا نییە. واتا به‌ جۆرێکی دی، بارو گەردانبوونی جۆراوجۆری وشە و چاوگ و ڕەگی وشەی لێ دەردەکەوێت. ھەر ڕەگێکی وشەی PIE تەنیا توانای لەخۆگرتنی یەک بزوێن یان ڤاوڵی ھەبووە، کە ئەمەش بە گوێرەی شێوە و ھەڵکەوت و دروستبوونی وشەکە بووە.


ئه‌بلاوت - ablaut:-

ئەم جۆرە سیستەمەی گۆڕینی شوێنی ڤاوڵە لە ڕێگای زمانداگرتنەوە (شەددە)، پیێ دەگوترێت دەنگلادان یان وه‌ک له‌ زانستی زماندا وشەی (ablaut)ی لە زمانی ئەڵمانیی وەرگیراوی بۆ بەکار دێت. ئەوەی کە دەبێ جەختی لێ بکەینەوە ئەوەیە، کە ئەم دیاردەیەی جێگۆڕکێکردن بە ڤاوڵی ناو وشە، تا باری جۆراوجۆر و ئاستی گه‌ردانبوونی لێکجیاواز لە وشەکە دروست بکرێت، دیاردە و خەسڵەت و کاراکتەری ھەرە ناسراوی ھەموو بنخێزانە زمانەکانی ھیندۆروپییە. واتا (إشتقاق) چه‌نده‌ پێناسه‌ی زمانی عاره‌بی و زمانه‌ ئاسیۆئافریکانییه‌کانه‌، جێگۆڕکێکردن به‌ ڤاوڵ یان ده‌نگه‌ بزوێنه‌کانی ناو وشه‌ش به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌، پێناسه‌یه‌کی گشتی زمانه‌ هیندۆروپییه‌کانه‌.
وشە لە زمانە ھیندۆروپییەکاندا بە گۆڕانی شوێن و شێوەدەنگی ڤاوڵەکان کە ھەر لەناو ھەمان پەیکەرەی نەگۆڕی پیتە کپ و کۆنسونانتەکانی وشەدا ڕوو دەدەن، شێوە و بار و گەردانکردنی جۆراوجۆر وەردەگرێت.


له‌ زمانی کوردیدا:-

ئەم دیاردە کۆنەیە، جگە لەوەی کە لە زمانە کلاسیکییەکاندا باش پارێزراوە، لە زمانە ھیندۆروپییە ھاوچەرخەکانیشدا شوێنەواری به‌ڕوونی دەبیندرێت. ئێمە نموونەی لەم جۆرە لە زمانی کوردی ھاوچەرخدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینین. لەو نموونانەدا دەنگە کپ و کۆنسونانتەکان پەیکەری نەگۆڕ و چەسپاوی وشەکە پێک دێنن. هه‌ر بۆیە بە گۆڕانی دەنگ یان شوێنی ڤاوڵەکان، باری گەردانکردنی وشەکە و ھەر بەو شێوەیەش واتای وشەکە یان بار و کات و سەردەمی ھێمابۆکردنی وشەکە دەگۆڕێت. وەک ڕژان = ڕژا = دەڕژێ. هەروەها ھێشان = ھێشا = دەھێشێ. یان ژیان = ژیا = دەژی، ده‌ژێ. هەروەها کردن = دەکا = کرا= کردی و زۆر وشه‌ی دیش ھەر بە ھەمان پێودانگ.

دیارده‌که‌ له‌ زمانی پرۆتۆهیندۆروپی چۆن بووه‌؟
له‌و زمانه‌ کۆنه‌ی داپیره‌ و باپیره‌ماندا جێگۆڕکی پێکردنی ڤاوڵ لەناو ڕەگی وشەدا پتر لە شێوەیەکی ھەبووە. ئاسانترین و بەربڵاوترین فۆرمی دیاردەی (ئەبلاوت) یان جێگۆڕکێکردنی ڤاوڵ لەناو پەیکەرەی ڕەگی وشەدا وەک ئەوە وایە کە لەو چەند دێرانەی سەرەوەدا پێناسەمان کردووە. واتا ڕەگێک (بچوکترین و کەمترین بناغە بۆ په‌یکه‌ره‌ی وشەیەک)، دەتوانێت بە پێنج ئاست یان پێنج شێوە خۆی بگۆڕێت و خۆی بنوێنێت. دیارە ئەمە لە زمانێکی زۆر کۆنی وەک زمانی هاوبه‌شی PIEدا تا ڕادەیەک ئاڵۆز بووە.
بۆ دەرخستنی ئەم بارانە یان ئەم ئاستانەی وشه‌ لە زمانی PIEدا، ئێمە نموونەیەک لەسەر کردارێکی زمانی PIE دەھێنینەوە، کە لە زمانی کوردیدا بە شێوەی {( بار) + کردن} ماوەتەوە. تێبینی ئه‌وه‌ بکه‌، که‌ وشه‌که‌ له‌ زمانی کوردیی هاوچه‌رخدا، به‌بێ پاشگه‌کرداری - کردن و هه‌ر "بار" بۆته‌ ناو و گه‌ردان نابێت، ده‌نا له‌ نموونه‌که‌دا ئێمه‌ ته‌نیا پێویستمان به‌ وشه‌ی "بار" هه‌یه بۆ کاره‌ به‌راوردکارییه‌کانمان‌.

سەیر دەکەین ھەر پێنج ئاستەکانی گەردانکردنی ئەم وشەیە، بریتین لە: (بھێر – bher)، (بھور- bhor)، (بھێێر – bhēr)، (بھۆۆر- bhōr). ھەروەک لەدوا ئاستی (بێئاستیشدا)، وشه‌که‌ دەبێتە (بھر- bhr). لەدوا باردا دەنگی ناڤاوڵی (ر)، لە شوێنی (بێئاست) یان ڤاوڵدا دەرکەوتووە.
ئەو دوو شێوەیەی کە ڤاوڵی درێژیان ھەیە، دەزانین کە لەچاو دووانەکەی تردا ناوازە و دەگمەنتریشن. دیارە ئەو پێنج ئاستە جیاوازە، بۆ دروستکردنی شێوە و بارە ڕێزمانییە جۆراوجۆرەکانی ناو و گەردانکردنی کردار بەکار ھاتوون. وەک بۆشمان دەردەکەوێت، بناغەی ھەموو بارەکانی گۆڕانیش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە چۆن چۆنی زمانداگرتن (شەددە) لەناو پەیکەرەی وشەی پرۆتۆھیندۆروپیدا شوێنی دەگوازرێتەوە. واتا گواستنەوەی شوێنی زمان داگرتنەکەیە، کە کار لە گۆڕینی یان گۆڕین و گواستنەوەی یان تەنیا گواستنەوەی ڤاوڵەکانی ناو وشەیەک دەکات. بەمەشە کە قسه‌که‌ری زمانی پرۆتۆ، بارە جۆراوجۆرەکانی وشەکە دێنێتە کایەوە.
لە پرسیاری ئەوەی،کە کامە لەو پێنج شێوەیەی سەرەوە ڕەگی وشەی PIE پێک دێنێت ؟ وەڵاممان ئەمەیە، کە ڕەگی وشەی PIE ھەمیشە بەو ناوەوه‌ ناو دەبرێت، کە ئاستی بزوێن یان ڤاوڵی دەنگی (ێ - e) شێوەی پێ دەدات. واتا دەنگی ڤاوڵی (ێ) لە زمانی پرۆتۆھیندۆروپی بە ئاستی دەنگی ئاسایی داندراوە. بۆ نمونە، ڕەگی وشەی (بار) بە زمانی PIE بریتیە لە (بھێر-bhēr).
دەتوانیین لەسەر جێگۆڕکێ و گۆڕانی دەنگی ڤاوڵەکان لە پەیکەرەی وشەدا، ئاماژە بۆ زۆر وشە لە زمانە ھاوچەرخەکانی ھیندۆروپیدا بکەین. وەک لە زمانی کوردیی زاراوه‌ی کرمانجیدا وشەی کەلین - کەلاندی – کەلاندۆتی – دەکەلێنی (دەکوڵێنی) – کوڵاوە. دیارە ڤاوڵی ئاستەکان له‌ زمانه‌ هاوچه‌رخه‌کانماندا، بە ھەمان شێوە ھەرە کۆنەکەی خۆیان نامێنن. سەیر دەکەین لەم نموونەی سەروەدا، ئاستی (ێ) بۆتە (ی) و ئاستی (ۆ)ش بۆتە (ئە) و ئاستی هیچ یان بەتاڵیش، خۆی لە دەنگی پاشگری (ان) دەبینێتەوە. ئەم ئاستانە، لە زمانێکی دی ده‌سته‌خوشک و هاوخێزانی ھاوچەرخدا، ھەمان شت نین که‌ له‌ کوردیی هاوچه‌رخدا ده‌رده‌که‌ون، ئه‌گه‌ر چیش که‌ له‌ بناغه‌یه‌کی هاوبه‌شه‌وه‌ هاتبن. بەڵکوو ئاسته‌کان له‌ زمانانی دی، شێوەی دی جیاوازی وەرگرتووە.

* * *
لە زمانی کۆنی PIEدا جگە لە ڤاوڵە بزوێن و جێگۆڕەکانی (ێ، ۆ) ھەندێک دەنگی دیش ھەبوون. مەبەستمان لەو دەنگانەیە کە بە گوێرەی چۆنیه‌تی گۆکردنی وشەکە، بە ھەردوو بارەکەدا، چ ڤاوڵ و بزوێنی دەنگدار یاخود کۆنسونانت و کپیش دەردەکەوتن. لەو ڤاوڵانەی کە بە دوور ڕووەوە دەردەکەوتن، دەکرێ ھێما بۆ (ی - i، و/-u) بکەین، کە ھەردووکیان لە باری کۆنسونانتیدا دەنگەکانیان دەخزێن. (ی - i) بە شێوەی (یی - y) گۆ دەکرا و دەنگی (و - u)ش بە شێوەی (وو - w) گۆ دەکرا. ھەندێک لە نووسەران و توێژەرەوانی زمانی پرۆتۆ، بۆ ئەوەی دەری بخەن کە ھەردوو دەنگی کونسونانتی زمانی PIE، واتا (w - y) لە سەرەتاوە لە ڤاوڵی (u - i)ەوە گۆڕاون. زۆر جار دەنگی پیتەکان لە باری کۆنسونانتدا بە شێوەی (u - i) دەنووسن. (واتا کەوانەیەکی بچووک لەژێر ھەر یەک لە پیتەکاندا دەکێشن). تا ئێستاش مشتومڕ لەسەر ئەوە ھەیە، کە ئاخۆ ئەو دوو ڤاوڵەش (ی - i، و‎‎ - u) دەنگی درێژ یان (ū -ī)ی ھەبووە یان نا ! جارێ ھێشتا بەرەنجامی ھەبوون یان نەبوونی باری درێژی ئەو دوو ڤاوڵە ساغ نه‌بۆته‌وه‌ و چاره‌نووسی دیار نییە و نه‌سه‌لمێندراوه‌.

* * *
شێوازێکی دی بازدان و تێکەڵبوون لە نێوان ڤاوڵەکان و کۆنسونانت لە زمانی PIEدا خۆی لە گۆکردنی نێوان کۆنسونانت / نیوە ڤاوڵی دەنگەکانی (م، ن، ل، ر) دەبینێتەوە. ئەو دەنگە کۆنسونانتانەی ئاماژەمان بۆ کردن، ھەندێک جار لە زمانی PIEدا دەبوونە بڕگەیی یان بە شێوەیەکی دی دەڵێین، ئەو دەنگانە ھەندێک جار خۆیان بڕگەی سەربەخۆ دەبوون. کاتێک کە شتێکی وا دەبێت، ئەوا وا باوە بازنەیەکی بچووک لەژێر ئەو پیتانە بنووسرێت (لەبەر کێشەی چاپ و نەبوونی کاریگەری گۆکردن، ئێمە تەنیا لە چەند بارێکی دەگمەن نەبێت، خۆمان لە کێشانی ئەو بازنەیە بە دوور گرتووە). ھەرچی پەیوەندیی بە دەنگی (ر)ەوە ھەیە، بۆ دەرخستنی ئەو بارە نیوە ڤاوڵانەی دەنگە کۆنسونانتەکان، ئەوا ھێشتا بە شێوەی بڕگە پێکھێنەر، لە زمانی کلاسیکی سانسکریتیدا دەبیندرێت. ھەروەک لە زاراوەی کوردیی دەوروبەری ھەولێر و ناوچه‌ی شوانیشدا ئەو دەنگە بەبەربڵاوی قسەی پێ دەکرێت.
ئەو بارە دوو لایەنەی دەنگەکانی دی، ئەو کاتە بۆ توێژەرەوان دەرکەوت، کە توانییان ڕه‌گی هاوبه‌شی وشە یان ژمارە (دە) دیسان دابڕێژنەوە. ژمارە (10 - دە) بە لاتینی ( دێسێم - decem). بە سانسکریتی پێی دەگوترێت (دەسە - dasa)، کە لە زمانی ھیندیی ھاوچەرخدا بۆتە (دەس - das). لە گرێکی هه‌مان ژماره‌ به‌ شێوه‌ی (دێکە - deka) ده‌رکه‌وتووه‌. ھەروەک لە زمانی گۆتی (تێھون - taihun) بۆ ژماره‌ (ده)‌ به‌کارهاتووه‌. وشەی (دە) لەو چوار زمانە کۆن و کلاسیکییەی ھیندۆروپی، سه‌ره‌ڕای هاوڕه‌گیان له‌گه‌ڵ یه‌کدی، لەیەکچوونێکی زۆریشیان لەگەڵ یەکدا ھەیە.
جیاوازیی ھەرە زەقیش له‌ نێوانیاندا کە دەبیندرێت ئەمەیە، ھەردوو شێوە لاتینی و شێوە گۆتییەکەی ژمارەکە، بە دەنگێکی لووتی (ناسال) کۆتاییان ھاتووە. کە بریتین لە ھەردوو دەنگی (م ، ن). ھەرچی ئەمانەی دین لە جێگای دەنگە لووتییەکان، ڤاوڵی (ئە - a) دەرکەوتوە. دەرکەوتنی ئەم ڤاوڵە لە ڕاستیدا بەرەنجامی بە بڕگەییبوونی دەنگی (م)ە لە زمانی کەونارای PIEدا. واتا دەنگی (م) وەکوو ڤاوڵ و بزوێن گۆڕاوە.
وشەی دیسان داڕێژراوەی PIE بۆ ژمارە دە، بریتییە لە {دێکم (ت) - dekm (t)} کە لەناویدا وشەی (دە)ی کوردیشی لێوە ھاتووە. شێوە کوردیی ژمارەکە، بەتایبەت لە شێوەی (دەھەم)دا باش دیارە. بوونی ھەردوو ڤاوڵی (ئە) و (ئا)ی درێژ (a - ā) لە زمانی PIEدا تا ئێستاش یەکلایی نەبۆتەوە. لە لێکۆڵینەوە بەراییەکانی زمانی پرۆتۆھیندۆروپی و لەژێر کاریگەریی دەنگی بەرفراوانی (ئە، ئا، a)ی سانسکریتیدا، کە ئەو زمانەی بە جارێک داپۆشیوە، بوونی ھەردوو شێوەکەی (ئە، ئا)ی ئەو ڤاوڵە، ھیچ گومانی لەسەر نەبووە. ئەمڕۆ لێکۆڵەرەوانی ھاوچەرخ پرس و گومان دەخەنە سەر، بەڕاستی ھەبوونی ڤاوڵێکی لەم جۆرە، لە زمانی بنەڕەتیی کۆنینەی پرۆتۆھیندۆروپیدا.
ھۆی سەرەکی پەیدابوونی تارمایی گومان لەسەر ئەم ڤاوڵە، بۆ دەرکەوتنی بیردۆزەی زۆر گرنگی (لارینگال) دەگەڕێتەوە.
(بۆ زانیاریی پتر له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ و خودی بیردۆزه‌ی لارینگال، بگه‌ڕێوه‌ سه‌ر گوتارێکی به‌نده‌ به‌ هه‌مان ناوه‌وه‌. له‌م سه‌رچاوانه‌ په‌یدا ده‌بێت:- ژ (١٦)ی گۆڤاری زماننانسی. ماڵپه‌ڕی پێنووسه‌کان و Etymology of name، لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆم له‌سه‌ر فه‌یسبووک).

بە گوێگرتن و سەرنجدانی ئاسایی بۆ مرۆڤ، دەردەکەوێت کە دەنگی (ئا) لە زمانە ھاوچەرخەکانی ھیندۆروپیدا شێوەی لێکجیاجیای گۆکردنی وەرگرتووە. {لەنێوان دەنگی بەرزی "ئا" و ده‌نگی نزم یان کورتی "ئە". هه‌روه‌ک له‌ چه‌ندین زمانی ناسراودا زۆرجاریش ده‌نگه‌که‌ بە لای (ۆ)دا داده‌شکێت یان بۆ (و) ده‌گۆڕێت و چەند شێوه‌یەکی دیش، به‌ شێوه‌یه‌کی که‌متر وه‌رده‌گرێت، وەک نەمان و ونبوونی ده‌نگه‌که‌ لە په‌یکه‌ره‌ی وشەدا}.
ھەر لە زمانی کوردیدا تێبینی بکە و سەرنج له‌ گۆڕانی ده‌نگی (ئا) بدە، لە وشەی: نازانم = نزانم. دایک = دەی، دەیک. زمان= زمێن. وڵات= وه‌لێت. تەنانەت لە زاری کوردانی ئەلمائاتای وڵاتی کازاخستانم بیست، کە بە وشەی له‌ عاره‌بی وه‌رگیراوی (حەیوان)یان دەگوت (حەیوین) یان لە زاراوەی ناوچەی عەفرین، سەرنجم داوە کە دەنگی (ئا) زۆر بە لای ده‌نگی (و) و تەنانەت (ۆ)شدا دادەشکێت. ھەمان دیاردە لە زاراوەی تارانی زمانی فارسیشدا ھەیە وەک: باران = بارون، نان = نون.
لە بنخێزانی زمانە ئێرانییەکاندا ھێشتا زۆری دی لە دەنگە بزوێنەکان یان ڤاوڵەکان بە ناسەقامگیری ماون و لە باری گۆڕان و جێگۆڕکێدان. ئەمە لە زاراوەکانی زمانی کوردی و تا لە فارسیشدا بە ڕوونی دیارە. ئەو ڤاوڵانەی کە لە کوردید، ناسەقامگیرن و بە دەنگی گۆڕاو گۆ دەکرێن، بە گشتی بریتین لە (ئا، ۆ، و، ی، ێ). ئێمە لەو دێرانەی سەرەوەدا چەند نموونەیەکمان لەسەر دەنگی (ئا) ھێنایەوە. سەرنج لەوەش بدەن کە دەنگی (ێ)ش لە کوردیدا ئەگەر لەدوای دەنگی (و) بێت، واتا بە شێوەی ڕێنووسی ئێستای کوردی، دەنگی (وێ) بێت، ئەوا دەنگێکی ناجێگیرە. بەلای منەوە (وێ) لە بنەڕەتدا یەک دەنگ بووە، وەک لە (دوێت)ی زاراوەی خانەقین کە ھەمان دەنگ لە زمانە گێرمانییەکاندا بە شێوەی (ö) دەنووسرێت و گۆکردنی لە بۆڕەی مانگا دەچێت. نموونە لەسەر ناجێگیریی دەنگی (ێ) له‌ زمانی کوردیدا، وەک لە وشەی: دوێنێ = دونێ. خوێن = خون = خین. خوێندن = خوندن = خیندن. بلوێر = بلور. شوێن = شوون.
لە فارسیشدا دەنگی (ێ) تەنیا لەکۆتایی وشە و وەک ئامرازی پەیوەندی گۆ دەکرێت و نیشانه‌یه‌کی جیاکه‌ره‌وه‌شی بۆ داندراوه‌، وه‌ک له‌ (خانەیێ مەن). کەچی لە ھەندێک وشەی کۆنی ئەو زمانەدا، دەنگەکە به‌ به‌رواردکردنی له‌گه‌ڵ هه‌مان وشه‌ و ده‌نگ له‌ زمانی کوردیدا بۆ ده‌نگی (ی) یان (ئە) دەگۆڕێت، وەک شێر = شیر، نێر = نەر.
ئەگەر بێینە سەر دەنگی (ۆ)ش، ئەوا ئەو دەنگە ھەندێک جار لە کوردیدا شوێنی لەگەڵ ده‌نگی(و)دا جێگۆرکێ دەکات. وەک ڕووناک = ڕۆناک. ڕوون = ڕۆن. یان (ڕۆژ)ی کوردی و (روز)ی فارسی. دەنگی (ۆ) لە زاراوەی کرمانجی و ھەروەھا لە فارسیشدا ھەر نامێنێت و بە یەکجاری له‌ زمان و،گۆکردن و په‌یکه‌ره‌ی وشه‌شدا ده‌که‌وێت و ون دەبێت. (لە کرمانجیدا بە لاساییکردنەوە لە سریانی، دەنگی (ۆ) وه‌ک پاشگرێکی بچوککردنه‌وه‌ دەچێتە سەر ھەندێک ناو، ھەندێکی دیش له‌و ناوانه‌ دیاردەیەکی میراتییە و نیشانه‌ی بچوککردنه‌وه‌یه‌. ئه‌مه‌ بابه‌تێکی دی سه‌ربه‌خۆیه‌ و هیوادارم کاتم هه‌بێت و به‌جیا لێی بدوێم.

جێگۆڕکێیەکی سەرنجڕاکێشیش لەنێوان ھەردوو دەنگی (ی) و (و) لەنێوان زاراوەکانی زمانی کوردیدا سەرەتاتکێمان لەگەڵدا دەکات. وەک لە نموونەکانی: ژووشک = ژیشک، موسڵ = میسل، ھەموو = ھەمی، مزوری = مزیری، سندوس = سیندیس، ھەروەک ھێشتا نموونەی زۆری تریش ھەن. جگە لە ژووشک، سەرجەم گۆڕانەکان لە نێوان دوو زاراوەی کرمانجی و کوردیی ناوەڕاستدان، بەڵام من تێبینیی ھەمان دیاردەم لە زۆرێک وشەی ناوچە ھەرە باشورییەکانی گەرمیانیش کردووە. تا کوردانی دوورەدەستی ناوچەی (چل چەشمەی کروونی) ئوستانی شیرازیش ئەو دیاردەیەیان لە زماندا بە زەقی ھێشتۆتەوە. سەرنج بدەنە وشەکانی ئەو زاراوەیە و بەراوردەکانی وەک:

کوردیی زاراوەی کروونی
مو می
لوت لیت
شو شی
جۆ جیە
کێو کیە
تێبینی دەکەین کە دەنگی (و) لانی کەم لە وشەی ژووشک، زۆر کۆنە و بە میرات بۆ زمانی کوردی ماوەتەوە. ژووشک لە ئاڤێستاییدا پێی گوتراوە (دوژەکە - dujaka)، ھەروەک لە زمانی پەھلەویشدا پێی گوتراوە ( ژووژەک - jujak).


سوودی ئه‌م بابه‌ته‌:
له‌ کاتی دیسان داڕشتنه‌وه‌ی وشه‌ی پرۆتۆی زمان، ئه‌وا زۆر گرنگه‌ که‌ له‌ ڕێساکانی ناو ئه‌م بابه‌ته‌ و هه‌روه‌ها ڕێساکانی ناو بیردۆزه‌ی لارینگال و ئه‌و چه‌ند بابه‌تانه‌ی دی تێ بگه‌یت و ڕه‌چاویان بکه‌یت. دیاره‌ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت نووسینی دیشمان ده‌بێت، تا ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت شاره‌زایی په‌یدا بکه‌ن، بۆیان مه‌یسه‌ر بێت. وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت، دیسان داڕشتنه‌وه‌ی وشه‌ی پرۆتۆی زمان، زانستێکی فره‌لایه‌نه‌ و ده‌یان لک و پۆپی لێ ده‌بێته‌وه‌. ده‌زانم بابه‌ته‌که‌ بۆ هه‌ندێکان ئاسان نییه‌، به‌ڵام هیوادارم به‌گشتی بۆ تێگه‌یشتنی جووڵه‌ و گۆڕانی بزوێنه‌کان سوودی هه‌بێت.‌


تێبینی: من له‌م بابه‌ته‌دا له‌
جیاتیی ده‌نگه‌ بزوێنه‌کان، زۆر جاران ده‌نگه‌ ڤاوڵه‌کانم به‌کار هێناوه‌. هه‌روه‌ک له‌ جیاتیی ده‌نگه‌ کپه‌کان، ده‌نگه‌ کۆنسونانته‌کانم به‌کار هێناوه‌. دیاره‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌، که‌ خوێنه‌رانی کورد به‌و زاراوه‌ زمانه‌وانییانه‌ ئاشنا بن که‌ بوونه‌ته‌ زاراوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی و له‌ سه‌رچاوه‌ بیانییه‌کاندا له‌ مه‌ڕ زانستی زماندا به‌کار دێن.

______________
زاراوه‌کان:-
ئەبلاوت:- Ablout لە وشەیەکی ئەڵمانی وەرگیراوە، مەبەست لە جێگۆڕکێکردنێکی ڕێساداری دەنگە بزوێنەکان یان ڤاوڵەکانە، لە بار و گەردانەکانی جۆراوجۆری کرداردا و لە زمانە ھیندۆروپیەیکاندا، وەک لە وشەی کوردی: ھاتن - دێ (دھێ) - ھات. یان بڕین - دەبڕێ - بڕی - بڕا. بنەڕەتی گۆڕینی یان جێگۆڕینی بزوێنەکان بۆ جێگۆڕکێپێکردنی ئەکسێنت یان شەددە دەگەڕێتەوە لە زمانی پرۆتۆھیندۆروپیدا.

ناسال:- به‌ لاتینی nasal، بریتین له‌و ده‌نگانه‌ی که‌ به‌ ده‌رچوواندنی توندی هه‌وا له‌ لووته‌وه‌ دروست ده‌بن، وه‌ک ده‌نگه‌کانی (م) و (ن).



کۆتایی ...


 

 

 

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە