The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 


شاسوار هەرشەمی 

                             

   زمانە ئێرگاتیڤەکان

 

ئێرگاتیڤ بارێکی ڕێزمانییه‌ و له‌و زمانانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ وه‌ک باوه‌ پێیان ده‌گوترێت زمانه‌ ئێرگاتیڤییه‌کان.

زمانە ئێرگاتیڤەکان بریتین لەو زمانانەی کە بکەر (سه‌بجێکت) لە باری ئینترانسیتیڤدا (لازم) ھیچ بەرکارێکی نییە، بۆیە بکه‌ر لە ڕستەی وادا وەکوو خۆی و بێ گۆڕان بەکار دێت. واتا چونکه‌ له‌ ڕسته‌ی سه‌ره‌کیدا ته‌نیا یه‌ک لایه‌ن هه‌یه‌، که‌ ڕۆڵی چالاکانه‌ی ده‌رده‌که‌وێت، بۆیه‌ گوێگر بەبێ هیچ کێشه‌یه‌ک تێ ده‌گات مه‌به‌ستی قسه‌که‌ر کێیه‌ یان چییه‌.

نمونه‌: تۆپه‌که‌ به‌سه‌ر په‌یژه‌کاندا گلۆر بووه‌وه‌.

بەڵام ھەر بکەر لە ڕستەی ترانسیتیڤدا (متعدی)، واتا بکەر له‌ناو ڕسته‌که‌دا لەگەڵ بەرکاری (ئۆبجێکت)ی ڕاستەوخۆدایە.

نمونه‌: ئازاد تۆپه‌که‌ی به‌سه‌ر په‌یژه‌کاندا گلۆر کرده‌وه‌.

وه‌ک ده‌بینین له‌و دوو ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، (ئازاد) له‌ زمانی ئێرگاتیڤیدا بکه‌ره‌، به‌ڵام (تۆپ) له‌ هه‌ردوو ڕسته‌که‌دا، له‌ باری ئه‌بسۆلوتیڤدایه‌، چونکه‌ هه‌رگیز بکه‌رێکی چالاکی بڕیارده‌ر نه‌بووه‌، وه‌ک ئازاد. ئەوا له‌ ڕسته‌ی لەو شێوازەدا و بۆ جیاکردنەوەی بکەر، لێرەدا (ئازاد) لە بەرکار، لێرەدا (تۆپه‌که‌)، نیشانەیەک دەچێتە سەر بکەره‌که‌. ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌و مه‌به‌سته‌ هاتۆته‌ کایه‌وه‌، تا ناوی بکه‌ره‌که (سه‌بجێکت)‌ له‌گه‌ڵ ناوی کارله‌سه‌رکراوه‌که‌ (ئۆبجێکت) لای گوێگر تێکه‌ڵاو نه‌بێت. واتا گوێگری کۆن و گوێگر و خوێنه‌ری ئێستای ئه‌م جۆره‌ زمانانه‌، بزانێت و تێ بگات، که‌ ئه‌مه‌ کامه‌یه‌، کاری له‌سه‌ر کامه‌ کردووه‌. وه‌ک له‌ نموونه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ (ئه‌وه‌ ئازاده،‌ که‌ له‌ کوڕه‌که‌ی دا). یان (کوڕه‌که‌یه‌ که‌ له‌ ئازادی دا).

ئەگەر بە شێوه‌یه‌کی کورت و پوختەتر ھەمان شت دەرببڕم، ئەوا دەڵێم: لەو جۆرە زمانانەدا، واتا جۆره‌ زمانه‌ ئه‌رگاتیڤیه‌کانی وەک (زمانەکانی که‌فکاسی، له‌وانه‌ گورجی و هه‌روه‌ها ئەسکیمۆیی، باسکی، تیبێتی، هه‌روه‌ها زمانی کۆنینه‌ و نه‌ماوی سومێری و... زۆر زمانی دیش)، ئەگەر بکەر لە ڕستەی سەرەکیدا، خۆی شتێک (کارێک) لەسەر شتێکی دی یان کەسێکی دی، واتا (بەرکاری ڕاستەوخۆ) بکات، ئەوا بکەرەکە نیشانەیەکی تایبەتیی دەچێتە سەر، تا بزاندرێت کە ئەمە ئەوە و خۆیه‌تی، که‌ کارەکەی لەسەر ناوەکەی دی ناو هه‌مان ڕسته‌دا، واتا (بەرکار) کردووە. کەچی بەرکار له‌ناو ڕسته‌که‌دا ھەر وەک خۆی دەمێنێتەوە. ھەر لەو جۆرە زمانانەدا، بکەر لە باری ڕستەی ئینترانسیتیڤ (لازم) و بەرکاریش لە باری ڕستەی ترانسیتیڤدا (متعدی) لە یەک شێوەدا دەبن و پێی دەگوترێت باری (ئەبسۆلوتیڤ - Absolutiv ) یان ( مطلق - کامل). واتا هه‌ردووکیان له‌و دوا باره‌دا هیچ نیشانه‌یه‌کیان ناخرێته‌ سه‌ر. واتا باری ئێرگاتیڤی ڕسته‌ ته‌نیا له‌و بارانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، ‌ که‌ بکه‌ر (سه‌بجێکت) له‌ باری ترانسیتیڤدایه‌.

با دوو نمونه‌ له‌ زمانی ئێرگاتیڤی باسکی وه‌ربگرین:-

باری ئه‌بسولوتیڤ: Gizona etorri da
واتا: پیاوه‌که‌ گه‌یشت.

باری ئێرگاتیڤ: Gizona- k mutila ikusida
واتا: پیاوه‌که‌ کوڕه‌که‌ی دیت.

وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت، له‌ ڕسته‌ی یه‌که‌مدا هیچ شتێکی نامۆ نابیندرێت، له‌ ڕسته‌ی دووه‌مدا، که‌ بکه‌ر و به‌رکار یان کارله‌سه‌رکراوی تێدایه‌ و له‌ باری ئێرگاتیڤدایه‌، بۆ جیاکردنه‌وه‌ی بکه‌ر، قسه‌که‌ره‌که‌ (ده‌بێت) ده‌نگی (ک) بخاته‌ کۆتایی جێناوه‌ بکه‌ره‌که‌، تا گوێگر کوڕه‌که‌ی لێ نه‌بێته‌ بکه‌ر.

ناو یان باری ناویی، ئەوە بار و شێوەی ناوە، کە لە کاتی (بکەری - subjekt)دا ھەیەتی. ئەمەش ئەو کاتە دەبێت، کە ناوەکە لەناو ڕستەیەکدا کارێک دەکات. ھەندێک ڕستە وەک دەردەکەون، ھەرگیز ئەو بار و شێوانەیان بەخۆوە نەگرتووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە باری (ناو)یی لە سەرەتادا تەنیا بۆ دیاریکردنی بکەر، لە باری (ڕستەی متعدی - transitiv sats) بەکار ھاتووە. واتا ناو لە ڕستەیەکدا بەکار ھاتووە، کە بەرکار (مفعول بە - objekt)ی ڕاستەوخۆی تێدا بووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە زمانی که‌ونارای داپیره‌ و باپیره‌ی پرۆتۆهیندۆروپیمان یان به‌ کورتکراوه‌یی زمانی PIE، یەکێک بووە لە زمانە (ئێرگاتیڤییەکان - ergativ). بەمەش ناو لە ڕستەدا بە گوێرەی باری ڕستەکە، که‌ ئاخۆ (متعدی - transitiv) بووە یان (نامتعدی - لازم ) بووە، شێوەی جۆراوجۆری وەرگرتووە.

لە باری یەکەمدا ناوەکە ھەروەک بەرکار نیشانەی چۆتە سەر. ناو لە باری ئەکوساتیڤیشدا بەکار ھاتووە. لەو بارەدا ناوەکە بکەر نییە و (بە ناچاری) ڕۆڵی بکەری پێ دراوە. لە ڕاستیدا ناو لەو بارەدا ھەمیشە کار لەسەر شتی (نابکەر) یان مردوو و ھیچپێنەکراو دەکات، کە ناتوانێت کاریگەریی لەسەر کەسان یان شتی دی ھەبێت. یان به‌ شێوه‌یه‌کی دی، ئەو جۆرە ناوانە ناتوانن ببنە ھۆی ھاتنە ئارای کاری دییەوە. لەوانەشە ھەر ئەمە ھۆی سەرەکی بێت، کە ئەم جۆرە ناوانە لە باری ئەکوساتیڤدا لە سەرەتاوە ڕۆڵی بکەریان نەبووە. ئەم جۆرە ناوانە بەڕوونی باری ناچالاکیان ھەیە و بێکارەن. یان ڕاستر بڵێین، ئەوا ئەو جۆرە ناوانە خۆیان نین، بە ویستی خۆیان کارێک بکەن.

بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌ کارله‌سه‌رکردنی ناوێک له‌سه‌ر ناوێکی دی بگه‌ین، نموونه‌یه‌ک ده‌خه‌مه‌ پێش چاوت: زۆر سەختە بیر لەوە بکەینەوە، کە پەڵە ھەورێک، شتێکی لە پەڵە ھەورێکی دی کردووە. سەرەڕای ئەوەش دەزانین، کە ئەوە بارگەی (-) و (+)ی سەرە جەمسەری دوو ھەورن، کە بە ھۆی گورژومی جووڵه‌ی باوە ده‌جووڵێن یان یه‌کێکیان به‌خێراییه‌کی پتر ده‌جووڵێت و له‌ ئه‌نجامدا هه‌ردوو په‌ڵه‌ هه‌وره‌که‌ پێکدا دەدەن و بروسک و ھەورەتریشقە پێک دێنن. دوور نییە ھەر دیاردەی ناویی لەم جۆرە ڕووداوانه‌ش، لە سەرەتاوە بووبێتە ھۆی داھاتنی وشەی بێلایەن لە ھەندێک زماندا. واتا ئەو ناوانە بەبێلایەن داندراون، کە لە ڕستەیەکی تەواودا ناتوانن ببنە بکەر و ڕووداو پێک بێنن. یان ناوی له‌م جۆره‌ کار لەسەر شتی دی بکەن.

ئەم دیاردەیە بۆتە ھۆکاری یان بناغەی یاسایەکی گشتی لە زمانە ھیندۆروپییەکاندا. کە دەڵێین لە وشەی بێلایەندا ھەردوو باری ناوی کارا و ئەکوساتیڤ وەک یەکن و ھیچ جیاوازییەکیان لە نێواندا نییە. ھۆکارەکەی ئەمەیە، کە شارەزایان لایان وایە، ھەر لە کۆندا ھەردوو جۆرەکە، کۆنەئەکوساتیڤ بوون. ئەم بناغەیە تا ئەمڕۆش لە زمانێکی وەکوو ئەڵمانیدا ماوە. لەو زمانەدا دەربڕینی (das)، لە ھەردوو باری ناوی کارا و ئەکوساتیڤدا وەک نیشانەی ناسینەوەی ناوی بێلایەن بەکار دەھێندرێت.


دیاردەیەکی لەم جۆرەش، لە زمانی کوردیدا ماوە. وەک دەزانین جێناوی (ئەوان، ئه‌مان) کارایە و دەتوانێت ببێت بە بکەر، بەڵام (ئەوانە، ئەمانە) لە باری ئەکوساتیڤیدایە و بۆ ھێماکردن بۆ ناوی (شت) بەکار دێت. لە کاتێکدا ئەو (ناو)ی شتانە، ناتوانن ببن بە بکەر. نھێنییەکە لەوەدایە، کاتێک کەسێک بیەوێت توانای (بکەری کارا) لە جێناوی (ئەوان) بسەنێتەوە و سووکایەتیان پێ بکات و بێمافیان بکات، ئەوا ھەمان وشەی (ئەوانە، ئەمانە) بۆ مرۆڤەکان بەکار دێنێت. وەک لە دەربڕینی: ئەمانە بەرە زیندان. ئەمانە دەرکەنە دەرەوە. لە کاتێکدا ئەو کەسانەی بە جێناوی (ئەوان، ئه‌مان) بانگ دەکرێن، مافی بەرگریکردنیان لە خۆیان ھەیە. مافی دەنگھەڵبڕینیان ھەیە. لەوەش پتر، ئه‌وان و ئه‌مان ھێشتا توانای کاریان ھەیە و بکەری چالاکن. که‌ بوون به‌ ئه‌وانه‌ و ئه‌مانه‌، ئه‌م ڕۆڵه‌ چالاکه‌یان لێ ده‌سێندرێته‌وه‌. واتا ئه‌م ده‌ربڕینه‌ زمانه‌وانییه‌، له‌ زمانی کوردیدا بارێکی یاسایی ده‌رده‌خات.

لێره‌دا تێبینییه‌کی گرنگ هه‌یه‌، لەسەر ئەو نموونه‌یه‌ی که‌ من له‌ سه‌ره‌وه‌دا هێناومه‌ته‌وه‌: نابێت خوێنه‌ر و شاره‌زایان وا له‌م بابه‌ته‌ بگه‌ن، که‌ زمانی کوردی زمانێکی ئێرگاتیڤیه‌، به‌ڵام بوونی شوێنه‌واری ئێرگاتیڤی له‌ زمانه‌کەدا‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، که‌ باره‌که‌ شوێنه‌وارێک یان ماکێکی کۆنی بوونی دیارده‌ زمانه‌وانییه‌که‌یه‌ له‌ زمانی هاوبه‌شی پرۆتۆهیندۆروپی.

زمانی هاوچه‌رخی کوردی وه‌ک هه‌موو زمانه‌ هیندۆروپییه‌کانی دی، زمانێکی ئه‌کوساتیڤه‌. واتا وه‌کوو زمانه‌ ئێرگاتیڤییه‌کان نابێته‌ ئه‌بسۆلوتیڤ.


واتای زاراوه‌ به‌کارهاتووه‌کان:-

ئینترانسیتیڤ:- Intransitiv یان باری (لازم)، کردارێکە کە ناتوانێت بەرکاری ھەبێت. وەک: (من حەزم لێیە بڕۆم). (ئێستا کاتی ئەوەیە بخەوین).

ترانسیتیڤ:- Transitiv (متعدی)، لە ڕێزماندا کردارێکە کە یەک یان چەند بەرکار (تەواوکەر)ی ھەیە. وەک: (من زەوییەکە دەکێڵم). (من پیاڵە چایەک تێ دەکەم). (ئەو گۆرانی دەڵێ).

ئەبسۆلوتیڤ:- Absolutiv کاسوس یان بارێکی زمانەوانییە، لە ھەندێک لە زمانەکانی کەفکاسی یان زمانی سومێری یان (زمانە ئێرگاتیڤەکان)دا ھەیە. لەو زمانانەدا بەرکار لە باری ترانسیتیڤدا (متعدی) وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام بکەر بۆ تێکەڵاونەبوون لەگەڵ بەرکاردا پاشگرێکی دەچێتە سەر. لە باری ئینترانسیتیڤیشدا (لازم) ھەر بکەر ھەیە، بۆیە وەکوو خۆی دەردەکەوێت. واتا پاشگرەکەی ناچێتە سەر.

ئەکوساتیڤ: Acusativ بریتییە لە بارێکی ڕستەی واتا تەواو (بە ھەردوو جۆری ڕستەی سەرەکی و ڕستەی ناسەرەکی) کە بەرکاری ڕاستەوخۆ ( مفعول بە مباشر) ئاراستەی کردارەکە دیاری دەکات. لە زمانی کوردیدا ھەندێک جێناوی بەرکاری لەم جۆرەن وەک (وان - و. - وێ - ویە - مە - ەنگۆ).
بۆ ھێشتا باشتر ڕوونکردنەوە سەرنج لەو ڕستانە بدەن: ئەو لەگەڵ- وان چوو. ئەو لەگەڵ -ویە. لەگەڵ-ەنگۆ-مە و... ھیدیش بەم شێوەیە. لە زمانی لاتینیدا ئەم دیاردەیە لەناودا زۆر زەقە. بۆ نموونە ناوی یان وشه‌ی کۆیلە، بە لاتینی بریتییە لە (servus - سێرڤوس). ھەمان ناو لە باری ئەکوساتیڤیدا دەبێتە (servum - سێرڤوم). وشە نێونەتەوەییە زۆر ناسراوەکانی وەک: ستادیوم، موزیوم ھەر لە لاتینییەوە ھاتوون و بە ھەمان شێوە لە باری ئەکوساتیڤیدان.

بۆ بیرلێکردنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌:

وه‌ک گوتوومانه‌، زمانی هاوچه‌رخی کوردی، زمانێکی ئێرگاتیڤ نییه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش شوێنه‌واری ئێرگاتیڤی له‌ زمانی کوردیدا ده‌بیندرێت. له‌ چوارچێوه‌ی ناساندنی بابه‌ته‌که‌دا نموونه‌مان لێ هێناوه‌ته‌وه‌.
ئێستا ئاماژه‌ بۆ دیارده‌یه‌کی له‌ ئێرگاتیڤ-چوو ده‌که‌م، که‌ ئاخێوه‌رانی کوردی به‌ شێوازێکی جیاوازتر له‌ زمانه‌ ئێرگاتیڤه‌کان چاره‌سه‌ریان کردووه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌یت:-

ئه‌و ئه‌می دیت. ئه‌م ئه‌وی دیت.
من ئه‌وم دیت. ئه‌و منی دیت.
ئه‌وان ئه‌ویان دیت. ئه‌و ئه‌وانی دیت
هه‌روه‌ها: لێتم دا. لێمی دا.

تێبینی ده‌که‌ین، که‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌مان بار ده‌بینه‌وه‌. واتا بێ نیشانه‌خستنه‌ سه‌ر به‌رکار، جۆره‌ تێکه‌ڵاوییه‌ک له‌ نێوان بکه‌ر و به‌رکار دێته‌ کایه‌وه‌. واتا وا ده‌رده‌که‌وێت:-

ئه‌و ئه‌م دیت. ئه‌م ئه‌و دیت.
من ئه‌و دیت. ئه‌و من دیت. و تاد ... ئه‌م دوا شێوه‌یه‌ له‌ زاراوه‌ی کرمانجیدا پێڕه‌وی لێ ده‌کرێت.

له‌ زمانی کوردیدا به‌پێچه‌وانه‌ی زمانه‌ ئێرگاتیڤه‌کان، نیشانه‌که ده‌خرێته‌ سه‌ر به‌رکا‌ر‌. جیاوازییە‌کی دی ئه‌وه‌یه‌، که‌ نیشانه‌که‌ له‌ زۆربه‌ی زمانه‌ ئێرگاتیڤه‌کاندا بێواتایه‌ و ته‌نیا ئه‌رکێکی هه‌یه‌، ئه‌ویش جیاکردنه‌وه‌ و ناسینه‌وه‌ی بکه‌ره‌. له‌ زمانی کوردیدا نیشانه‌که‌ ده‌چێته‌ سه‌ر به‌رکار، به‌ڵام وه‌ک جێناوی لکاو ئاماژه‌ به‌ بکه‌ری کاره‌که له‌ناو ڕسته‌دا ده‌کات. له‌و ڕستانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نیشانه‌کان بریتین له‌: (ی، ی، م، ی، یان، ی).

نیشانه‌کانی ڕسته‌کانی سه‌ره‌وه‌‌ له‌ ڕێزمانی کوردیدا هه‌موویان به‌ جێناوی لکاو ناو‌دێر کراون. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت بپرسم ئه‌مه‌یه‌: کاتێک که‌ له‌ ڕسته‌یه‌کدا (من) وه‌ک جێناوی که‌سی یه‌که‌می تاک بوونی هه‌یه‌، ده‌بێ بۆ قسه‌که‌ری کورد، هه‌ر له‌ هه‌مان ڕسته‌دا جارێکی دی ئاماژه‌ به‌ هه‌مان بکه‌ر بکاته‌وه‌، ئه‌م جاره‌یان به‌ (م)ێک وه‌ک جێناوی لکاو. وه‌ک:

من ئه‌وم دیت.
ئه‌وه‌ منم له‌ ده‌رگا ده‌ده‌م.

له‌ نموونه‌ی دی ناوییدا، دیارده‌که‌ هێشتا ڕوونتر ده‌بیندرێت. وه‌ک:-

ئازاد نه‌وزادی دیت.
نه‌وزاد ئازادی دیت.

وه‌ک له‌م دوو ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌بینین، ته‌نیا جیاوازییه‌ک له‌ نێوان بکه‌ر و به‌رکاردا بریتییه‌ له‌و کورته‌ پارتیکله‌ی، تۆ بڵێ (جێناوه‌ لکاوه‌ی) که‌ به‌ شێوه‌ی "ی" خراوه‌ته‌ سه‌ر به‌رکاره‌که‌‌.

که‌واته‌ جێناوی لکاو له‌ زمانی کوردیدا ئه‌رکێکی دی هه‌یه،‌ که‌ تا ئێستا شاره‌زایانی زمانی کوردی هه‌ستیان پێ نه‌کردووه‌. ئه‌رکی جێناوی لکاو یان هه‌ر ناوێکی دی لێ بندرێت، بریتیه‌ له‌ جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌ بکه‌ری ناو گوته‌ و ڕسته‌یه‌ک. واتا جیاکردنه‌وه‌ی بکه‌رە له‌ به‌رکار. ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌رکه‌، که‌ له‌ زمانه‌ ئه‌رگاتیڤه‌کاندا به‌ شێوه‌یه‌کی دی یان به‌ پێچه‌وانه‌ی کوردی ده‌کرێت. هیوادارم ئه‌م بابه‌ته‌ بایه‌خی پتری پێ بدرێت و لێکۆڵینه‌وه‌ی باشتری له‌سه‌ر بکرێت.
 



کۆتایی ...


 

 

 

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە