The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 

ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی

نووژەنکردنەوە: 2014-08-06

 

ئاوڕێک لە کتێبی "ئەلفبێ"

 

کتێبی "ئەلفبێ" کە بە مەبەستی فێرکردنی پیتە کوردییەکان بە قوتابییە سەرەتایییەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دانراوە و لیژنەیەکی وەزارەتی پەروەردەش پێداچوونەوەی لەسەر کردووە، لە ڕووی پەروەردەیی و فێرکاری و هزرییەوە پێداچوونەوەیەکی تەواوی دەوێت.

 

لە یەکەم وانەدا سێ پیتی "د، ا، ر" لە وشەی "دار"دا هێنراونەتەوە کەچی لە کۆتایی وانەکەدا بەس پیتی "ر" سوور کراوە، واتە قوتابییەکان فێری پیتێکی نوێ کراون کە ئەویش پیتی "ر"یە. سەیر لەوەدایە کە دوو پیتی "د" و "ا" سوور نەکراون و قوتابییەکانیش یەکەم جارە پێیان ئاشنا دەبن.

سێ پیت باس کراون تەنیا یەکێکیان سوور کراوە

 

لە کۆتایی وانەکاندا دوو شێوازی سەرەتا و کۆتایی پیتەکان سوور کراون کە فێرخوازەکان فێری بن، سەیر لەوەدایە کە لە پێشدا پیتی کۆتایی نووسراوە پاشان شێوازی دەستپێکی پیتەکە نووسراوەتەوە کە دەبوا بەپێچەوانە بایە، بۆ نموونە نووسراوە: (ی یـ):

دەبوا ئاوا بنووسرابان: (یـ  ی)

 

لە باسی هەندێ پیتدا لە کۆتایی وانەکەدا نموونەی پیتێکیان بە سوور نووسیوە بێ ئەوەی لە وانەکەدا نموونەیەکیان لە ناو وشەدا هێنابێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری ئەم وانەیە بکەن دەبینن کە لە کۆتاییدا پیتی (ێـ)یان بە سوور نووسیوە کەچی هیچ وشەیەک لە وانەکەدا نابینرێت کە ئەو شێوازەی تێدا بەکار چووبێت. بۆ نموونە دەیانتوانی وشەی" ڕێگا" بخەنە ناو وانەکەوە کە نموونەی ئەو پیتەی تێدا دیاری کراوە:

پیتی (ێـ) لە کۆتاییدا نووسراوە بێ ئەوەی نموونەی وشەیان لە وانەکەدا هێنابێتەوە

 

هەندێک پیت لە وشەکاندا نووسراونەتەوە کە فێرخوازەکان پێشتر پێیان ئاشنا نەکراون، دەبوا وشەکانی هەر وانەیەکی نوێ بە شێوەیەک هەڵبژێردرابان کە تەنیا ئەو پیتانەیان تێدا بایە کە پێشتر قوتابییەکان پێیان ئاشنا کراون. بۆ نموونە پیتی "ە" یان پیتی "ا" لە وانەکاندا هاتوون بەڵام بە جیا فێر نەکراون.

لەو کتێبەدا هەر لەبیر کراوە کە قوتابییەکان لە وانەی تایبەتیدا فێری دوو پیتی گرنگی ئەلفبێ واتە: "ا" و "ە" بکرێن، هەر چەند دەیان جار لە وشەکاندا هاتوون، قوتابی هەقیەتی بحەپەسێت کە ئەوانە چین و بۆ فێر نەکراون.

زۆربەی پیتەلکاوەکان چوار شێوازیان هەیە، بۆ نموونە:  عـ ـ ـعـ ـ ـع ـ ع، دەبوا وشەکانی وانەکان لەبەرگرەوەی هەموو شێوازی پیتەکان بن تا قوتابییەکان فێر بن کە هەر شێوەیەکی چۆن دەنووسرێت.

لە کاتی فێرکردنی پیتی "ع"دا هەڵەیەکی زەق کراوە ئەویش ئەوەیە کە بۆ نووسینی شێوازی کۆتایی لە وشەیەکی وەکوو "قانیع"دا دواپیتەکەیان بە شێوازی "ع" نووسیوە و بە شێوەی لکاو واتە بە شێوەی "قانیع" نەیاننووسیوە.

قانیع

 

لە کۆتایی هەر کتێبێکی ئەلفبێدا دەبێت شێوازی ڕیزبوونی پیتەکان بە دوای یەکتردا ڕیز بکرێن تا قوتابی بزانێت پیتەکانی ئەلفبێ چەند دانەن و چۆن بە دوای یەکتردا ڕیز دەبن، هەروەها دەبێت شێوەی بێژەکردنی ئەو پیتانەش بنووسرێن، بەداخەوە ئەو کارە گرنگە لەو کتێبەدا لەبیر کراوە.

لە لاپەڕەی ٧٥ لە وانەی "نیشتمان"دا نەخشەیەکی کوردستان دانراوە، لەوێ ناوی گەورەترین شاری کوردستان واتە "کرماشان" بە هەڵە بە "کرمانشان" نووسراوە، ئەوە نە فارسییە و نە کوردییە، ئەوە هەڵەیەکی زۆر زەقە و نابێت قوتابی وا فێری ناوی شارەکان بکرێت:

کرماشان دروستە  نەک کرمانشان

 

لە باسی ناوی مانگی وەرزەکاندا وشەی "خاکەلێوە" بە "خاکەلێو" نووسراوە، ئەوە هەڵەیە و نابێت بزوێنی "ە" لەبیر بکرێت.

هەروەها بۆ ناوەکانی وەرزی هاوین نووسراوە:

پووشپەڕ، خەرمانان، گەلاوێژ.

ئەم ناوانە لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد داهێنران و لەو سەردەمەدا ئاوا ڕیز کراون:

هاوین: پووشپەڕ، گەلاوێژ، خەرمانان.

لە هەموو ڕۆژهەڵاتیشدا کاتێ ناوی مانگەکان ڕیز دەکەن هەر بەو پێیە ڕیزیان دەکەن، کەچی لەو کتێبەدا ناوی مانگەکانی خەرمانان و گەلاوێژ پێش و پاش خراون. ئەوانەی ئەمەیان نووسیوە دەبوا لێکۆڵینەوەی چڕیان لەسەر ناوی مانگەکان بکردایەت و بەپێی سەرچاوە و بەڵگەی متمانەپێکراو شێوەی دروستی مانگەکانیان بنووسیایە.

 

کۆمەڵێ هەڵەی ڕێنووسی و خاڵبەندیش لە کتێبەکەدا کراون کە قوتابی چەواشە دەکەن و هەر لە سەرەتاوە یاسا و ڕێسای ڕێنووس و خاڵبەندی و وشەی لێکدراو و وشەی سەربەخۆ و ئامرازی پێشگر و پاشگر  بەهەڵە فێری قوتابی دەکەن. بۆ نموونە لە ڕستەیەکدا لە لاپەڕەی ٦٠ لە وانەی "ساج"دا نووسراوە:

جاران جووتیار بەگا جووتی دەکرد.

کەچی لە دێڕی ژێرەوەیدا نووسراوە:

ئێستا جووتیار بە تراکتۆر زەوی دەکێڵێت.

ئایا سەیر نییە کە لە دێڕی سەرەوە ئامرازی "بە" لکێنراوە بە وشەی "گا" و نووسراوە: "بەگا" وەکوو یەک وشەی لێکدراو، کەچی لە دێڕی ژێرەوە ئامرازی "بە" نەلکێنراوە بە "تراکتۆر" و نووسراوە: ... بە تراکتۆر، وەکوو دوو وشەی سەربەخۆ. هەڵبەت لەو نموونەیەدا "بە" نابێت بلکێنرێت بە "گا"وە، دەبێت بنووسرێت: "بە گا" وەکوو دوو وشەی سەربەخۆ.

 لەو وشانەدا، "بە" ئامرازی سەربەخۆیە نابێت بلکێنرێت بە "جام" و "گا"وە

 

ئەگەر چاو لە کتێبەکە بکەین دەبینین کە زۆر جار نیشانەکانی خاڵبەندی وەکوو: جووتخاڵ ":"، بۆر: "،" زۆر دوور کراونەتەوە لە وشەکانی پێشیانەوە، ئەوە هەڵەیە چونکە بەپێی یاسای خاڵبەندی دەبێت بلکێنرێن بە وشەکانی پێش خۆیانەوە.

بۆ ئەوەی لە سەرەتا و بنەڕەتدا قوتابیی کورد بەبێ هەڵە فێری خاڵە گرنگە سەرەتاییەکان بکرێت، دەبێت لێژنەیەکی شارەزا و پسپۆڕ پێداچوونەوەیەکی ورد و پوخت لەسەر کتێبی "ئەلفبێ" بکات و هەڵەکان ڕاست کرێنەوە.

* * *

لە ساڵی ٢٠١٢ وەشانێکی نوێی کتێبی ئەلفبێی کوردی لەژێر ناونیشانی "ئەلفبێی نوێ" لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڵاو کرایەوە. ئەم وەشانە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئەوەی پێشوو هەبوو، لێرە دەتوانن چاو لەو وەشانە بکەن:

ئەلفبێی نوێ

 

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە