The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 


د. نەریمان خۆشناو
 زمانەوان و مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین 

 

زمانی كوردی له‌ سه‌رده‌می میرنشینی ئه‌رده‌ڵاندا
د.
نه‌ریمان خۆشناو
 

   

د . نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا خۆشناو

  

ئه‌م وتاره‌ له‌ گۆڤاری (كۆزان) ژماره‌(3)ی پاییزی 2014 له‌ لاپه‌ڕه‌كانی 32 ـ33. بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

 

   هه‌ندێ‌ كه‌س پێیان وایه‌ ئه‌م میرنشینه‌ له‌ سه‌ده‌ی چوارده‌می زایینیدا له‌لایه‌ن دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی بابه‌ ئه‌رده‌ڵان دامه‌زراوه‌(1)، كه‌چی هه‌ندێ‌ له‌ شاره‌زایانی تر بۆچوونی تریان هه‌یه‌، له‌وانه‌ محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی پێی وایه‌ بابه‌ ئه‌رده‌ڵان له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی یازده‌دا گه‌یشتۆته‌ شاره‌زوور، كاتێك بنه‌ماڵه‌ی مه‌ڕوانییه‌كان نه‌مابوو، ناچار بابه‌ ئه‌رده‌ڵان چووه‌ لای گۆرانه‌كان و ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵیان ژیانی به‌سه‌ر بردووه‌ و، له‌ كاتی هێرشی جه‌نگیزخاندا بۆ سه‌ر ئێران، پشتگیری هێزه‌كانی مه‌نگۆلیانی كردووه‌ و له‌ پاداشتی ئه‌مه‌شدا كراوه‌ به‌ فه‌رمانڕه‌وایی شاره‌زوور(2).

   ئه‌گه‌رچی وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت مێژووی سه‌ره‌تای په‌یدابوونی میرنشینه‌كه‌ ته‌واو ڕوون نییه‌، به‌ڵام هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ بابه‌ ئه‌رده‌ڵان ڕێبه‌ری یه‌كه‌می ئه‌م میرنشینه‌ بووه‌ و سه‌ره‌تای حوكمڕانێتییه‌كه‌شیان له‌ شاره‌زوور بووه‌، بابه‌ ئه‌رده‌ڵانیش له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌حمه‌دی كوڕی مه‌ڕوانی دیاربه‌كرییه‌، كه‌ ئه‌میش خۆی له‌وه‌و پێش دامه‌زرێنه‌ری ده‌وڵه‌تی مه‌ڕوانی كوردی بووه‌ له‌ باكووری كوردستان له‌ شاری دیاربه‌كر، به‌ هاتنی بۆ ناوچه‌ی گۆران توانی به‌ردی بناغه‌ی میرنشینی ئه‌رده‌ڵان دابنێت و گۆرانه‌كان بۆ لای خۆی ڕابكێشێ‌(3).

   ئه‌م میرنشینه‌ خاوه‌نی زۆرترین میر بووه‌، ئه‌میش به‌هۆی زۆری سه‌رده‌می حوكمیان، له‌وانه‌ (بابه‌ ئه‌رده‌ڵان، كلۆڵ به‌گ، ته‌یمور خان، سلێمان خان، خوسره‌و خان، ئه‌مانوڵڵا خان، مسته‌فا خان، سه‌لیم پاشا... هتد)، هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ له‌ كات و سه‌رده‌مێكی جیاجیادا حوكمی ئه‌م میرنشینه‌یان كردووه‌(4).

    له‌ سه‌رده‌می ئه‌مانوڵڵا خان له‌ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا شاری (سنه‌) ده‌بێته‌ پایته‌ختی ئه‌م میرنشینه‌، چونكه‌ ئه‌م شاره‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ جوانترین شێوه‌ بنیاتنراوه‌ و، بووه‌ شوێنێكی ئابووریی و كه‌لتووریی به‌هێز بۆ میره‌كانی ئه‌رده‌ڵان(5).

    ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر لایه‌نی زمان له‌م میرنشینه‌دا، ئه‌وه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی مێژوویدا دیالێكتی گۆران وه‌ك زمانێكی ئه‌ده‌بی له‌ به‌شێكی فراوانی كوردستانی ئێران و له‌ هه‌ندێ‌ ناوچه‌ی كوردستانی عێراق سه‌ریهه‌ڵدا و بووه‌ زمانی ڕه‌سمی كۆشك و سه‌رای میره‌كانی ئه‌رده‌ڵان، كه‌ هانی شاعیره‌كانیان ده‌دا پێی بنووسن(6)، كه‌واته‌ زمانی نووسین و زمانی ئه‌ده‌ب له‌ سه‌رده‌می میرنشینی ئه‌رده‌ڵاندا شێوه‌زاری گۆران بووه‌، ئه‌مه‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ڕووی ئایینیه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كتێبی (سه‌رئه‌نجام)ی یارسانه‌كان(7)، كه‌ به‌ شێوه‌زاری گۆرانی نووسراوه‌، هۆكارێكی تره‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی شێوه‌زاری گۆران(8)، به‌ جۆرێك شێوه‌زاری گۆران زمانی ڕه‌سمی یارسانه‌كانه‌، كه‌ كۆنترین و به‌رزترین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كوردی ئایینی یارسانه‌كانه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌م به‌شه‌ی كورد زمانی خۆیان به‌ زمانی به‌هه‌شت ده‌زانن و ڕۆژی مه‌حشه‌ریش به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ له‌ شاره‌زوور ده‌بێ‌(9).

   كه‌واته‌ (سه‌رئه‌نجام)(10) كتێبی پیرۆزی یارسانه‌كانه‌، لای یارسانه‌كان به‌ ده‌قه‌كانی ناو سه‌رئه‌نجام ده‌وترێت كه‌لام، واته‌ سه‌رئه‌نجام كتێبی كه‌لامه‌كانه‌، هه‌ر كه‌لامێك له‌ كه‌لامه‌كانیش ده‌قێكی ئایینی سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌ سه‌رده‌مێكی مێژوویی دیاریكراودا په‌یدابووه‌ و تۆماركراوه‌ و چووه‌ته‌ ڕێزی ده‌قه‌كانی سه‌رئه‌نجامه‌وه‌(11).

    شاعیرانی ئه‌م دیالێكته‌ نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رزی ئه‌ده‌بی كوردین، له‌وانه‌ مه‌لا په‌رێشان(12)، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین شاعیرانی كورد، كه‌ به‌ دیالێكتی گۆرانی زمانی كوردی شیعری دانابێ‌، له‌ یه‌كێ‌ له‌ شیعره‌كانیدا ده‌ڵێت:

چون حه‌ق ژ ئیجاد ماسیوا په‌رداخت

ژ نووری ئه‌حمه‌د له‌وح و قه‌له‌م ساخت

عه‌رش و كورسی هه‌م ژ نوور مورته‌زا

ئاسمان و زه‌مین ژ نوور موجته‌با

ژ نووری حوسه‌ین به‌ هه‌شت كرد بینا

جیلوگه‌ری نوور به‌ توولی عه‌زرا(13)

    دیالێكتی گۆران له‌ سایه‌ی میرنشینی ئه‌رده‌ڵاندا زۆر په‌ره‌ی سه‌ند، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن میره‌كانی ئه‌رده‌ڵانه‌وه‌ زۆر پشتگیری له‌ خوێنده‌واران ده‌كران، تا به‌م شێوه‌زاره‌ بنووسن، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی دیاریی و پاداشتی دراوییه‌وه‌(14)، به‌ڵام كاتێ‌ له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا قاجارییه‌كان ئه‌م میرنشینه‌یان ڕووخاند، ئیتر شێوه‌زاری گۆران له‌ كوردستانی ئێران قه‌ده‌غه‌كرا، كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی زمانی كوردی، چونكه‌ دواتر ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئێران، هه‌موویان دژی زمانی كوردی بوون و هه‌میشه‌ یه‌كێ‌ له‌ كاره‌كانیان قه‌ده‌غه‌كردنی زمانی كوردی بوو. 

     له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ئه‌م دیالێكته‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌م میرنشینه‌دا شان به‌شانی زمانی فارسی زمانی دادگا بووه‌، هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌یه‌كیش زمانی ئه‌ده‌بیی و دادگایی میرنشینی بابان بووه‌.

 

په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان

1ـ هادی ڕه‌شید به‌همه‌نی(2001)، په‌یامی هه‌ورامان، چاپخانه‌ی ژین، هه‌ولێر، ل 171.

2ـ ی. ئی. ڤاسیلیه‌ڤا(2009)، كوردستانی خوارووی ڕۆژهه‌ڵات، و: ڕه‌شاد میران (د)، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، ل 44.

3ـ  هادی ڕه‌شید به‌همه‌نی، هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل 171.

4ـ شێخ محمد مه‌ردۆخی(2011)، مێژووی كورد و كوردستان، و: زانه‌ر محه‌مه‌د، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، ل 319.

5ـ سه‌عد به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ر(د)(2004)، سه‌رهه‌ڵدان و ڕووخانی سیسته‌می میرنشینی له‌ كوردستان، و: جه‌وهه‌ر كرمانج، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی داناز، سلێمانی، ل 165.

6ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل 11.

7ـ ئایینی یارسان، یه‌كێكه‌ له‌ ئایینه‌ ڕه‌سه‌نه‌ كۆنه‌كانی كورد، پێڕه‌وانی ئه‌م مه‌زهه‌به‌ باوه‌ڕیان به‌ گه‌ڕانی دۆنادۆن هه‌یه‌، هه‌روه‌ها یارسانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه‌ ئایینیان كۆنترین ئایینی سه‌ر ڕووی زه‌وییه‌، بڕوانه‌: بڕوانه‌:ـ مارف خه‌زنه‌دار، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی یه‌كه‌م، ل 54 – 55.

8ـ بڕوانه‌: عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵا(د)(1971)، سه‌رنجێ‌ له‌ زمانی ئه‌ده‌بیی یه‌كگرتووی كوردی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی (سلمان الاعضمی)، به‌غدا، ل 24. ب ـ ئه‌مجه‌د شاكه‌لی (2011)، زمانی كوردی ـ ناسنامه‌ و نیشتمانی كورده‌، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ڕۆژنامه‌ی كۆمه‌ڵ، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی ، ل 11.

9ـ مارف خه‌زنه‌دار(د)(2001)، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی یه‌كه‌م ـ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا سه‌ده‌ی چواره‌م، ده‌زگای ئاراس، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، هه‌ولێر، ل 55.

10ـ سه‌رئه‌نجام ناوی كتێبێكی به‌ناوبانگی یارسانه‌كانه‌، ئه‌م كتێبه‌ به‌ په‌خشان ده‌ست پێده‌كات و به‌ شیعر دوایی دێت، به‌ دیالێكتی گۆرانی زمانی كوردی نووسراوه‌ته‌وه‌، یارسانه‌كان ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ به‌رهه‌می سوڵتان سه‌هاك داده‌نێن، بڕوانه‌:ـ مارف خه‌زنه‌دار(د)(2001)، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی یه‌كه‌م ـ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا سه‌ده‌ی چواره‌م، ده‌زگای ئاراس، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، هه‌ولێر، ل 229.

11ـ عرفان مسته‌فا حه‌مه‌ ڕه‌حیم(2009)، كێشه‌ی زمان و دیالێكته‌ كوردییه‌كان له‌ ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وه‌، نامه‌ی دكتۆرا، كۆلێژی زمان زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، ل 154.

12ـ مه‌لا په‌رێشان ناوی محه‌مه‌د ئه‌بولقاسمه‌، له‌ ساڵی 1356 له‌ شاری دینه‌وه‌ری ناوچه‌ی كرماشان له‌دایكبووه‌، نازناوی شیعریی مه‌لا په‌رێشانه‌، شیعره‌كانی هه‌موو به‌ دیالێكتی گۆرانی نووسیوه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌ی شاعیرانی ئه‌وسای گۆران له‌سه‌ر ته‌ریقه‌ی یارسان نه‌ڕۆیشتووه‌، له‌ ساڵی 1421 كۆچی دوایی كردووه‌. بڕوانه‌: مارف خه‌زنه‌دار، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی دووه‌م، ل 13.

13ـ مارف خه‌زنه‌دار(2002)، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی دووه‌م ـ سه‌ده‌كانی چواره‌م ـ هه‌ژده‌م، ده‌زگای ئاراس، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، هه‌ولێر، ل 14.

14ـ سه‌عد به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ر(د)(2004)، سه‌رهه‌ڵدان و ڕووخانی سیسته‌می میرنشینی له‌ كوردستان، و: جه‌وهه‌ر كرمانج، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی داناز، سلێمانی، ل 166.
ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە